ئەمریكا 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردنی پێشمەرگە و كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاریداوە بۆ ساڵی داهاتوو 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكات.
رۆژی چوارشەممە 29-11-2017، لە هەولێر كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ برادلی بێكەر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق رایگەیاندووە “ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردنی پێشمەرگە و كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری داوە بۆ ساڵی داهاتوو (2018) بڕی 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكات”. جەختی لەوەشكردووەتەوە “وڵاتەكەی پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكات”.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، سوپاسی هێزەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و پێشتیوانییەی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەیانكردووە و هاوكات داواكاربوو هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە بۆ بەردەوامیدان بە پێشخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی مەشق و راهێنان.
جەنەڕاڵ برادلی بێكەر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق سوپاسی وەزیری پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیانكراوە، هاوكات سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لەشەڕی دژ بە داعش.
هەر بەپێی راگەیێندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆبوونەوكەدا جەخت لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.
لەكۆتاییدا وەفدی میوان تەئكیدیان لە پرۆسەی ریفۆرم و پێگەیاندنی ئەفسەرانی پێشمەرگە لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستنان كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، كە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامدەبێت.