حكومەتی عێراق بڕیاری دا پشكی هەرێم لە بودجە بە گوێرەی رێژەی دانیشتوان دیاری بكرێت
دوای ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق گەڕێندرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران, جارێكی تر پڕۆژە یاسایەكە بە دەستكاریەوە بۆ پەرلەمانی عێراق نێردرا, وا بڕیارە رۆژی شەممەش خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەمڕۆ حكومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی رەوانەی پەرلەمان كرد و لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقیشدا خویندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت.
لەبارەی پشكی كوردیش لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا، مەسعود حەیدەر ئاشكرای كرد، حكومەتی عێراق بەهۆی فشارە نێودەوڵەتیەكان هیچ رێژەیەكی لەناو پرۆژەیاساكەدا بۆ هەرێمی كوردستان دیاری نەكردووە، تەنیا ئاماژە بەوە كراوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانەكەی دیاری بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: ئێستا لە عێراق دوو ئامار لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەیە، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان 13% ی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت، لەكاتێكدا ئاماری وەزارەتی بازرگانی باس لەڕێژەی 14% دەكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2018 بە 14% دیاری بكرێت.