سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی چاره‌نووسی كه‌ركووك چی به‌ توركمانه‌كان گوت

سەرۆك بارزانی، جەخت له‌سه‌ر پێویستی بەردەوامبوونی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە ماف و یەكسانیی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و ستایشی هەڵوێست و بەشداریی پێكهاتەی توركمانی لە پڕۆسەی ریفراندۆم ده‌كات. لەبارەی شاری كەركووكیش، تەئكیدی لەوە كردەوە كە ناسنامەی كەركووك كوردستانییە، بەڵام بە تەنیا موڵكی هیچ پێكهاتەیەك نییه‌ و دەبێ ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی.

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 30/11/2017 سەرۆك بارزانی، لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركمانی كۆبۆوەو بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە و موسلمانانی كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیهان كرد و لە وتەیەكدا رۆشنایی خستەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و قۆناغی دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری رابردوو.

له‌ كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە توركمانییەكانی كوردستان سوپاسی هەڵوێست و خەمخۆریی سەرۆك بارزانیان كرد لە پاراستن و رەچاوكردنی مافی پێكهاتەی توركمان لە ساڵانی رابردوو و لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقی و هەروەها پشتیوانیكردنی بەردەوامی سەرۆك بارزانی لە پێكهاتەی توركمان.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە جەختیشیان لەوە كردەوە كە ریفراندۆم دەستكەوتێكی مێژوویی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانە و دەرخەری حەقیقەت و ویستی دانیشتوانی كوردستانە. ئەوەیشیان بە سەرۆك بارزانی راگەیاند كە پێكهاتەی توركمان لەگەڵ كورد و پێكهاتەكانی تری كوردستان چارەنووس و دواڕۆژی هاوبەشیان هەیە، هه‌ر لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و بابەتی هەڵبژاردنەكان تاوتوێ كرا و جەختیش لە پاراستنی دەستكەوت و مافی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئیستحقاقاتی سیاسی و هەڵبژاردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان كرایەوە.

Back to top button