موچە بڕینی خەڵک و بە سانایی تێپەڕ بوونی .
نیاز حاجی
دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی و ئاشکراکردنی ئەوەی کە باڵی دەسترۆیشتوو ، بەشداری پلانی بڕینی موچەی خەڵکی کوردستانیان کردوە لەگەڵ نوری مالیکی ، دوای ئەو دانپێنان و ئاشکراکردنە ، ئەو بابەتە لەوە دەرچوو کە تەنها تۆمەتبارکردنێک بێ بەهۆی ململانێکانەوە دەوروژێنرا ، بەڵکو وەک حەقیقەتێک لەسەر یەکێتی بەتایبەت باڵی دەسترۆیشتوو بوە بەماڵ و ساغبوەوە ، نوری مالیکیش ئەو کات جورئەتی دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرەی نەبوو ، هەروەها بۆی نەدەچوە سەر ئەگەر لەلایەن هێزێکی کوردیەوە پشتگیری لێ نەکرابێ .
تا ئێستا هیچ کەناڵێکی فەرمی پارتی یان هەر لایەنێکی تر راسەوخۆ باسی ئەوەیان نەکردوە کە یەکێتی دەستی لەو کارەدا هەبووە ، بەڵام ئەم جارە لەلایەن باڵێکی دیار و کاریگەری یەکێتی ئەوە ئاشکرا کرا ، واتا لەوە دەرچوو تەنها پروپاگەندەبێ .
بەر لە دوو ساڵ ئەو کاتەی ئەو بابەتە وروژێنرا ، یەکێتی لە رێی بەیاننامەیەی مەکتەبی سیاسیەوە پەیمانی ئەوەی بە خەلک دا کە لێژنەیەکی لێکۆلینەوە لەسەر ئەو بابەتە پێک دەهێنێت و رای گەیاند کە ئەنجانەکەی بۆ خەڵک رادەگەیەنێ ، بەڵام نە لێژنەکە بینرا و نە ئەنجامەکەی ، ئەو بابەتە پەردەپۆش کرا و تێپەڕێنرا .
ئەگەر سەرنج بدەین لەو کاتەی نوری مالیکی ئەو بڕیارەی دەرکرد ، تەواوی راگەیاندنەکانی یەکێتی کە لەژێر سەرپەرشتی باڵی دەسترۆیشتوو دان ، لە جیاتی ئیدانەی ئەو بڕیارەی مالیکی بکەن ، بیانویان بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارەی مالیکی دەهێنایەوە و ناراستەخۆش هانی خەڵکیان دەدا برژێنە سەر شەقام نەک لە دژی نوری مالیکی بەڵکو لە دژی حکومەتی هەرێم .
بەهۆی ئەوەی ئەو پیلانە دوای ڕاگەیاندنەکەی ناوەندی بڕیار لەسەر باڵی دەسترۆیشتوو ساغبوەوە و ئاشکرا کرا ، ئەوە تێبینی دەکرێ ، ئەو بابەتە بە شتێکی ئاسایی وەرگیراوە لە لایەن تەواوی هێزە سیاسیەکان و داواکاری گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تەواوی میدیاکار و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و چالاکوانان و موچەخۆران و تەواوی سەرمایەداران .
پێش هەموو کەس ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەبێ هەلوێست وەربگرن لە حزبەکەیان ، چونکە حزبەکەی ئەوان ( باڵی دەسترۆیشتوو ) هۆکاری تەواوی ئەو نەهامەتیانەن کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە روبەڕوی میللەتەکەمان بوەتەوە .
تەواوی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکان دەبێ هەلوێست وەربگرن لە بێدەنگ بونی حزبەکانیان لەسەر ئەو بابەتە .
ئەگەر ئەو بابەتە وا بەبێدەنگی و هەلوێست وەرگرتن لەسەری تێپەڕێت ، ئەوا ئەو قەناعەتەم بۆ دروست دەبێ کە ئەو میلەتە شایانی هیچ نیە و تەواوی ئەو بانگەشە و فرمێسکانەی بۆ حاڵی خۆی دەیرێژێت ، درۆ و فرمێسکی تیمساحانەن .