سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە پاریس و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبنەوە

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1/ 12/ 2017 له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى، ئێمانۆئێل ماكرۆن سه‌ركۆمارى فه‌ڕه‌نسا، شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ یاوه‌ریى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یى گوته‌بیژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێم، گه‌یشته‌ پاریسى پایته‌ختى فه‌ڕه‌نسا.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، بڕیاره‌ سبه‌ى شه‌ممه‌ 2/ 12/ 2017 ئێمانۆئێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا له‌ كۆشكى ئێلیزێ له‌ پاریس پێشوازى له‌ شاندى هه‌رێمى كوردستان بكات و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخى گشتیى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ یكرێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و فه‌ڕه‌نسا ده‌خرێته‌ به‌رباس.

حكوومه‌ت و گه‌لى فه‌ڕه‌نسا په‌یوه‌ندییه‌كى دێرینیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هه‌میشه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاكاندا پشتگیرى و پشتیوانیى به‌رده‌وامى خۆیان پێشكه‌ش به‌ گه‌لى كوردستان كردووه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌، سه‌رده‌مى سه‌رۆكى كۆچكردوو فرانسوا میته‌ران، له‌كاتى ده‌ركردنى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ دانانى ناوچه‌ى دژه‌فڕین بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان له‌ ساڵى 1991، حكوومه‌تى فه‌ره‌نسا ڕۆڵێكى كاراى هه‌بوو. هه‌روه‌ها فه‌ڕه‌نسا له‌كاتى شه‌ڕى ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشدا، پشتیوانى و هاوكاریى زۆرى پێشمه‌رگه‌ى كردووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌شدا سه‌رۆكى پێشووى فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێز فرانسوا ئۆلاند دووجار سه‌ردانى هه‌رێمى كورددستانى كردووه‌.

Back to top button