ماكرۆن: هه‌موو ماده‌كانی ده‌ستوور ده‌بێت یه‌ك به‌یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان و ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا، له‌ دوایی كۆبونه‌وه‌یان له‌ كۆشكی ئیلیزێ كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجام داو، له‌ كۆنفراسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا”ماكرۆن گووتی: “له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ته‌ئكیدم له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ فه‌ڕه‌نسا رێزی هه‌موو مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و سه‌روه‌ری عێراق ده‌گرێت. سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستووری عێراق ده‌بێت مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ره‌چاو بكرێت. راوه‌ستانی شه‌ڕ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كی به‌رهه‌مداربكرێت و ئێمه‌ش پشتیوانی ته‌واوی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ین. فه‌ڕه‌نسا پشتگیریی له‌ دیالۆگی نیشتمانی له‌ عێراق ده‌كات.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی هه‌ر له‌ كۆنفراسه‌كه‌دا رایده‌گه‌ێنێت”سوپاسی سه‌رۆك ماكرۆنی ده‌كه‌م بۆ پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان. سوپاسی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ مێژوویانه‌ی هه‌یبووه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و ئه‌و هه‌موو هاوكاریانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ شه‌ڕی داعش كردیان. پێشوازیكردنی سه‌رۆك ماكرۆن نیشانه‌ی ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ بۆ كوردستان و عێراق و فه‌ڕه‌نسا ده‌توانێ رۆڵی بنه‌ره‌تی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌بێت”.

 

دەقی ته‌واوی قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن…

سوپاسی هاتنی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ فەرەنسا دەکەم، دەمەوێت لێرە دووبارە پشتگیری برایەتی و دۆستایەتی فەرەنسا بۆ گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرببڕم، کە فەرەنسا هەمیشە دۆستێکی نزیکی گەلی کورد بووە، هەروەها دەمەوێت زۆر سوپاسیان بکەم کە ئەوان رۆڵێکی زۆر کاریگەریان بینیوە لە شەڕی دژی تیرۆردا، پێشمەرگە شانبەشانی سوپای عێراقی فیدراڵ توانییان دەستەکەوتێکی زۆر گەورە بەدەستبهێنن، هەم بۆ عێراق و هەم بۆ ناوچەکە و ئازایەتییەکی بێوێنەیان نواند، ئەمە جێگەی شانازییە.

دووبارە شانازی بەوان دەکەین و هەروەها سوپاسی گەلی کورد و حکومەت دەکەین بۆ پێشوازیکردن لەو هەموو ئاوارەیە لە ناوچەکەدا.

باسی هەموو ئەو دەرەنجامانەمان کرد کە لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلوول لە کوردستانی عێراق ئەنجامدرا، هەروەها لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 5 ی مانگی رابردوودا باسی ئەو بابەتەمان کرد، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەگەڵ بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، رێزگرتنمان لە تەواوی مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا دووپاتکردەوە.

فەرەنسا گرنگی بە دوو شت دەدات، فەرەنسا پشتگیری لە عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز لە چوارچێوەی دەستوور و سەروەری خاکی عێراقدا دەکات، دووەم شت سەبارەت بە دەستووری عێراق دەبێت مافی فرە پێکهاتەکانی تێدابێت لە عێراقێکی بەهێزدا.

راوەستانی شەڕ لە کۆتایی مانگی 10ی رابردوودا دەستکەوتێکی زۆر گەورە بوو، دەبێت بەردەوامبین بۆ بەدیهێنانی دیالۆگێکی نیشتمانی.

هەروەها رێزێکی بێپایانمان هەیە بۆ بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و پشتیوانیکردن لە عێراقێکی یەکگرتوو، چونکە ئەمە هەموو ئەو بابەتانەن کە بەرەو باشی دەڕۆن و ئێمەش پشتیوانییەکی تایبەتمان هەیە بۆ ئەم پرۆسەیە.

فەرەنسا پشتگیری لە دیالۆگێکی نیشتمانی دەکات لە عێراق و بە هەموو شێوەیەک دەبێت ئەو دیالۆگە دەستپێبکات، ئەو دیالۆگە دەبێت دوو ئامنج بپێکێت هەروەکو پێشتر باسم کرد، هەروەها لە چوارچێوەی 4 خاڵی گرنگ دەبێت ئەو دیالۆگە دەستپێبکات، ئەویش رێزگرتن لە دەستوور عێراق بەتەواوەتی بە هەموو ماددەکانییەوە، دەبێت دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بچەسپێت، لەوکاتەی بەڕێزی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پاریسی کردبوو، رامانگەیاند دەبێت هەموو میلیشیاکانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی دیالۆگەکان نەمێنن بە حەشدی شەعبیشەوە، هەروەها دەبێت هەموو داهاتەکانی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو گەلانی عێراقدا دابەشبکرێن، واتە هاوسەنگی هەبێت لە دابەشکردنی ئەم داهاتە کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا، هەروەها دەبێت ماددەی 140 ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێبکرێت.

دەبێت بەزووترین کات ئەو دیالۆگە دەستپێبکات بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکان چارەسەرببن، لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و رێزگرتن لە دەستووری عێراق و، هەروەها تەواوی مافە یاساییەکانی گەلی کورد لەو چوارچێوەیەدا دابینبکرێن، فەرەنساش پشتگیری لەو دیالۆگە دەکات و هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەو دیالۆگە لە زووترین کاتدا بگاتە ئەنجام و کێشەکان چارەسەربکرێن، فەرەنسا ئامادەیە بۆ پشتگیرکردن لەو دیالۆگە نیشتمانییە.

فەرەنسا کار بۆ ئەوە دەکات مافی هەموو عێراقییەکان لەو وڵاتەدا بچەسپێت، هەروەها ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بەرقەرابێت، چونکە هەموو ئەو پێکهاتە و نەتەوانەی لە عێراقدا دەژین قوربانی زۆریان داوە لە شەڕی دژی تیرۆر و داعشدا، بۆیە پێویستە بەزووترین کات ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقەراربێت.

هەروەها دەبێت مافەکانی گەلی کورد پارێزراوبن، هاتنی ئەو شاندە گرنگەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی بۆ فەرەنسا ئەوە دەردەخات کە ئێمە گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدەین، دەبێت مافەکانی گەلی کوردیش دابینبکرێن، هەروەها کوردستانێکی بەهێز و یەکدەنگ لە عێراقێکی بەهێزدا دەبێتە هۆی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئەوە سیاسەتی فەرەنسایە دوای سەردانەکەی بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەئاواتی ئەوەبووین پێشوازیش لە شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بکەین، هاتنی ئەوانیش ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان بەردەوامدەبن.

فەرەنسا هەموو هەوڵێک دەدات نەک تەنیا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی، بەڵکو هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەو دیالۆگەش دەدات لە مانگەکانی داهاتوودا، لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و دابینکردنی مافی هەموو نەتەوەکان لە عێراقێکی یەکگرتوودا.

دەقی ته‌واوی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی..

دەمەوێت سوپاسی جەنابیان بکەم بۆ ئەو پێشوازییەی کە ئەمڕۆ لە کۆشکێکی ئێلیزێ لە شاندی هەرێمی کوردستانی کرد، سوپاسی فەرەنسا دەکەین بۆ هەموو ئەو هەڵوێستە مێژووییانەی کە هەیبووە بەنیسبەت گەلی کوردستان و گەلی عێراق، سوپاسی فەرەنسا دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، پابەندبوونی جەنابی سەرۆک کە ئەمڕۆ پێشوازی لە ئێمە کرد لە کۆشکی ئێلیزێ نیشانەی  دۆستایەتی فەرەنسایە بۆ عێراق و کوردستانیش، پێمانوایە فەرەنسا دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی ببینێت بۆ کێشەکانی ئێمە لەنێو عێراقدا لەگەڵ بەغدا.

ئێمە رەئی خۆمان بە جەنابی سەرۆک گەیاندن لە سێ بۆ چوار خاڵدا، یەکەمیان پابەندبوونی ئێمە بەرامبەر بە عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵ کە رێز لە دەستوور و یاسای وڵاتەکەی بگرێت، ئێمە بە جەنابی سەرۆکمان راگەیاند کە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە بەپێی دەستووری عێراق لە بابەتی دەسەڵاتی فیدراڵی لە خاڵە سنوورییەکان، ئێمە بە جەنابی سەرۆکمان راگەیاند کە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئێمە پێشتریش رەئی خۆمان داوە لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەوەشمان راگەیاندووە کە ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرین، ئێمە سوپاسی جەنابی سەرۆک دەکەین بۆ ئەو ئیلتیزامەی خۆی بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئێمە پێمانوایە ئەو رۆڵە گرنگە بۆئەوەی ئێمە بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ بەغدا، دیسانەوە سوپاسی سەرۆک دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە، دیسانەوە بەناوی گەلی کوردستان و بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەموو ئەو هەڵوێستانەی جەنابی سەرۆک و فەرەنسا و گەلی فەرەنسا دەکەین.

Back to top button