ڕێزان شێخ دلێر : بێبەشكردنی هەلەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە جارێكی تر خنكاندن و كیمیابارانكردنیەتی
رێزان شێخ دلێر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رەخنەی توند لە حكومەتی عێراق دەگرێت بەرامبەر بە بێبەشكردنی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ و رایدەگەیەنێت “بێبەشكردنی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، جارێكی دیكە خنكاندن و كیمیابارانكردنیەتی”.
“رێزان شێخ دلێر” ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بێبەشكردنی هەڵەبجە لە بودجەی ٢٠١٨ جارێكی دیكە خنكاندن و كیمیابارانكردنی ئەو شارەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە”.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو “بەداخەوە، هەڵەبجە وەك ١٩ هەمین پارێزگای عێراق لە دیاریكردنی بودجەی ٢٠١٨ ی پارێزگاكانی عێراق هیچ حسابێكی بۆ نەكرا، هەرچەندە ئەم پارێزگایە لەلایەن خودی حكومەتی عێراقەوە فەرمانی بەپارێزگابوونی پەسەند كراوە و خاوەنی زۆرترین قوربانییە”.
“رێزان شێخ دلێر” راشیگەیاندووە “ئەمە بەمەبەست بێت یان نا، بێبەشكردنی دامەزراوە و پارێزگایەك و رۆڵەكانی عێراقە لەمافێكی یاسایی و دەستوری و نابێت حكومەت رۆڵەكانی خۆی لەبیربكات، بەتایبەتیش هەڵەبجەییەكان كە تائێستاش بۆنی سێوی مەرگ لەشارەكەیان نەبڕاوە”.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكردووە “پێویستە پەرلەمانی عێراقیش جارێكی تر ئەو بودجەیە بگێڕێتەوە و بەجۆرێك بودجەكە تێپەڕێنێت كە مافی هەڵەبجە و تەواوی هاوڵاتیانی عێراقی تێدا مسۆگەربكرێت و نابێت ئەو بابەتە بەهەڵواسراوی و بەنادیاری بهێڵرێتەوە، ئەمەش مایەی قبوڵكردن نیە لەلایەن نوێنەرانی خەڵكی عێراق لەباكور بێت یان لەباشور و پێویستە هەموو لایەك لەئاستی تاوانی خنكاندنی هەڵەبجەییەكان بێدەنگ نەبین”.