نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسول دەكەن

 

دوای كۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پاریس، شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی كە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت پێكهاتووە، گەیشتنە ئەڵمانیا و لە نەخۆشخانە سەردانی كۆسرەت رەسولیان كرد.

رۆژی شەممە 11-11-2017 باری تەندروستی كۆسرەت رەسول تێكچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی فارووقی پزیشكی لە سلێمانی، پاشان نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجامدرا و ماوەی 72 كاژێر لەژێر چاودێری ورددا مایەوە، دواتر رۆژی 16-11-2017 بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بردرایە ئەڵمانیا.
پێنج رۆژ دوای ئەوەی بردرایە ئەڵمانیا یەكەم وێنەی كۆسرەت رەسول لە نەخۆشخانە بڵاوكرایەوە، ئەوكات د. دارا رەشید، سەرۆكی تیمی پزیشكییەكەی بە رووداوی راگەیاند: “تەواوی پشكنینەكانمان لە باشترین نەخۆشخانەی بەرلین بۆ كاك كۆسرەت ئەنجامداون. ئەنجامی پشكنینەكان دڵخۆشكەرن، هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەماوە و پێویستی بە هیچ پرۆسێسێكی پزیشكی نییە، دوای تەواوبوونی رێككارە پزیشكییەكانیش دەگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان”.

د. دارا گوتیشی: “لەماوەی داهاتوودا نەشتەرگەرییەكی بچووك بۆ كاك كۆسرەت دەكرێت، بەمەبەستی داخستنی ئەو دەرچەیەی كە لە نەشتەرگەی یەكەمدا وەك بەشێك لە چارەسەر لە ریخۆڵەكانی كراوەتەوە، بەگشتی باری دەروونی و تەندروستی كاك كۆسرەت نایابە”.

ئەمە دووەمجارە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسول دەكەن، رۆژی 12-11-2017یش لەكاتی گەڕانەوە لە قەزای دەربەندیخان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نەخۆشخانەی فارووق لە شاری سلێمانی سەردانی كۆسرەت رەسولیان كرد.

ئێوارەی رۆژی هەینی 1-12-2017 شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، بە بانگهێشتێكی فەرمی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا گەیشتە پاریس، تاوەكو ئێستاش بەرنامەی داهاتووی شاندەكە و كاتی گەڕانەوەی دیارنییە.

Back to top button