ئەردۆگان : توركیا گەمارۆكانی لە دژی ئێران پێشێل نەكردووە
سەرۆك كۆماری توركیا لەوەڵامدانەوەی قسەكانی (ڕەزا زەڕاب) سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەكانی نێوان هەر دوو وڵات لە كاتی گەمارۆكان رایگەیاند، توركیا ناچار نەبوو پابەند بێت بە گەمارۆكانی ئەمریكا لە دژی ئێران.
بە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی بلۆمبێرگ، بەهۆی لێدوانەكانی (ڕەزا زەڕاب) لە دادگایەكی ئەمریكا لە دژی (ڕەجەب تەیب ئەردوگان) سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیاو ئێران لەو سەردەمەدا، سەرۆك كۆماری توركیا وتی: بەو پێیەی كە لەو سەردەمەدا گەمارۆكان لە دژی ئێران تەنیا لەلایەن ئەمریكاوە بووەو نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ ئاستەنگێكی بۆی نەبوو، توركیاش هیچ پابەندییەكی بەو گەمارۆیانەوە نەبوو كە جێبەجێیان بكات.
سەرۆك كۆماری توركیا لەمبارەیەوە وتی: توركیا گەمارۆكان لە دژی ئێرانی پێشێل نەكردووەو جیهان تەنیا ئەمریكا نییە.
شایانی باسە هەفتەی ڕابردوو (ڕەزا زەڕاب) لە دادگایەكی ئەمریكا دانی بەم بابەتەدا نا كە لە كاتی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە ڕێگەی توركیاوە كاری بازرگانی لە نێوان ئێران و جیهاندا ئەنجام داوەو لە دژی (هاكان ئاتیلا) بەڕێوەبەری پێشووی هالەك بەنك قسەی كرد.
توركیاش لە وەڵامی ئەم كارە دوو كەس دادگایی دەكات كە تۆمەتی ساختە كردنی بەڵگە بۆ (ڕەزا زەڕاب) یان لێدراوە، ناوی ئەم دوو كەسە بریتییە لە (ئایكان ئەردەمیرو عوسمان زەكی نایز) كە سەر بە پارتی جەهەپەی توركیان.
هەروەها بەرپرسانی توركیا ڕایانگەیاندووە، ئەو دادوەرە ئەمریكیەی كە (ڕەزا زەڕاب) دادگایی دەكات سەر بە گروپی گولەنەو ئەمە كەیسە سیاسییەو بۆ دژایەتی دەوڵەتی توركیایە.
دادگاكەی ئەمریكا هەروەها (موحەمەد زەفەر چالایان) وەزیری پێشووی ئابووری، (سلێمان ئەسلان) بەڕێوەبەری پێشووی گەورەترین بەنكی توركیاو دوو فەرمانبەری بەنكی دیكە بە ناوەكانی (عەبدولڵا هەپانی و لۆنت باڵكانی) تۆمەتبار كردووە كە لە كاتی گەمارۆكانی ئەمریكا بە سەدان دۆلاریان لە ڕێگەی سیستەمی دارایی ئەمریكاوە بۆ ئێران گواستۆتەوە