بزانە لەسەر دەمی مالیكی چەند پارە دیار نیە

خواكوڕك
 
ناوەندێكی توێژینەوەی لە لەندەن ئاشكرای دەكات له‌ ماوه‌ى نێوان ساڵانى 2006_2014 عێراق زیاده‌یه‌كى زۆرى له‌ پاره‌ ده‌ستكه‌وتووه‌ و ده‌توانرا وڵاته‌كه‌ى پێ ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و بكرایه‌ به‌ وڵاتێكى نوێ، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كۆى پاره‌ى بودجه‌كان گه‌شته‌ 700 ملیار دۆلار و به‌شێكى زۆرى ئه‌و پاره‌یه‌ش چووه‌ته‌ گیرفانى گه‌نده‌ڵكارانه‌وە،
 
ڕاپۆرته‌كه‌ ناوه‌ندى جیهانى بۆ توێژینه‌وه‌ى گه‌شه‌پێدان كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ له‌نده‌نى پایته‌خه‌تى به‌ریتانیایه‌، ئاماده‌ى كردووه‌ و تیایدا ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ سایتى “عه‌ره‌بییه‌ نێـت” بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیران خه‌زنه‌ى ده‌وڵه‌تى به‌نیمچه‌ به‌تاڵى له‌ نوورى مالیكی وه‌رگرتووه‌، كه‌ ته‌نها نزیكه‌ى 700 ملیۆن دۆلارى تیادا بووه‌، ئه‌وه‌ش واى كرد عێراق بكه‌وێته‌ قه‌یرانێكى دارایی گه‌وره‌، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ دابه‌زینى نرخى نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانى جه‌نگى داعش.
 
له‌ ڕاپۆرته‌ به‌ریتانییه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ كه‌ یه‌ده‌گى بانكى ناوه‌ندیی عێراق، له‌برى ئه‌وه‌ى زیاد بكات، دابه‌زیوه‌، وه‌ك ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ بودجه‌ى عێراق له‌ ساڵى 2012 له‌ (100.5) ملیار دۆلاره‌وه‌ به‌رز بووه‌وه‌ بۆ (145.5) ملیار دۆلار له‌ 2014، ئا له‌و كاته‌دا یه‌ده‌گى بانكی ناوه‌ندى له‌ 88 ملیاره‌وه‌ دابه‌زى بۆ 67 ملیار دۆلار.
 
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، ئه‌و دابه‌زینه‌وه‌ به‌رده‌وام بووه‌ تا ئه‌مساڵ كه‌ گه‌شتووه‌ته‌ 43 ملیار دۆلار، واتا ساڵانه‌ 9 ملیار دۆلار كه‌م بووه‌ته‌وه‌ و به‌شێكى زۆرى پاره‌كه‌ش له‌ كڕینی كه‌ره‌سته‌ى بێ به‌رهه‌م خه‌رج كراوه‌.
 
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ مانگه‌كانى یه‌كه‌م و دووه‌مى ئه‌مساڵى 2016ـه‌دا، داهاتى عێراق گه‌شته‌ (3.269) ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بانكى ناوه‌ندى بڕی (5.821) ملیار دۆلارى فرۆشتووه‌ بۆ هاورده‌كردنى شتومه‌ك، بۆیه‌ ناچار بوون بۆ پڕكردنه‌وه‌ى جیاوازییه‌كه‌ بڕى (2.552) ملیار دۆلار له‌ یه‌ده‌گى بانك ده‌ربهێنرێت.
 
هه‌روه‌ها بانكى ناوه‌ندیى له‌نێوان ساڵانى 2012_2015 بڕى (6.5) ملیار دۆلارى به‌ چه‌كى كڕین، هه‌واڵه‌ كردووه‌، پاشان ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ چه‌كه‌كان به‌ ناو كۆمپانیایه‌كى وه‌همییه‌وه‌یه‌ و نێردراوه‌ بۆ هه‌ژمارى بانكیی كۆمپانیایه‌ك، كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌ ڕاستیدا بوونى نییه‌.
Back to top button