ڤیدیۆ: شێخ جەعفەر مستەفا چەند نهێنیەك ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
شێخ جەعفەر مستەفا راگەیاند، كەس نازانێت داهاتی یەكێتی چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ كێ خەرج دەكرێت و بێویژدانی لە دابەشكردنی داهاتی یەكێتیدا هەیە كە پارەی پـێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانە.
شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا بەشی كوردی دەلێت كێشەكانی ئێستای یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و دەڵێت لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە ناوەندی بڕیار له ناو یەكێتیدا نەماوە و هەركەسە و بۆخۆی بووە و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ كەس و لایەنێک دابنیشتینایە گوزارشتمان لە ڕای خۆمان دەكرد نەک یەكێتی.
هەر لە دیمانەكەدا شێخ جەعفەر دەلێت، ئێمە ئەنواع ڕاگەیاندمان هەیە لەناو یەكێتی كە بە پارەی شەهیدان و پێشمەرگەی یەكێتی بەڕێوەدەچن بەڵام هیچی گوزارشت لە ڕای یەكێتی ناكات و هەركەس وەک زۆڕنا چۆنی بوێت ئاوا فووی پێدا دەكات. هەروەها دەشلێت بە تەنها گەلی كوردستان و كوردستانی نوێـیە هی یەكێتی بەڵام ئەوانیش گەڕ و گول بوون بزانن موچەی پەیامێرێک لەو دوو دەزگایە لە چاو پەیامنێری دەزگاكانی تر كە بە پارەی یەكێتی بەڕێوەدەچن چەندە جیاوازیان هەیە.
شەوی ١-٩-٢٠١٦ بەشێک لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بە سەرۆكایەتی جێگری یەكەم و دووەمی یەكێتی نیشتمانی(كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح) كۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەكدا دروستكردنی ناوەندی بڕیاری یەكێتیان ڕاگەیاند و تێیدا ئاماژەیان بە چەندی كێشە و گرفتی ناو حیزبەكە و هۆكاری دروستكردنی ئەو ناوەندەیان خستبووە ڕوو، دواتریش بەشێكی تر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكیان بە ناوی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەوە بڵاوكردەوە.
شێخ جەعفەر مستەفا كە خۆی یەكێک بوو لەوانەی ناوەندی بڕیاریان ڕاگەیاند دەڵێت زۆرینەو ئەوانە هەمووی درۆ دەلەسەیە بڕیار ناوەندی بڕیار دەریدەكەن با بێتە سەر ئەوەی بڕیار بدەین ئەو كاتە دەزانن كێ بڕیار لە ناو یەكێتیدا دەدات. ئەگەریش ڕێگری لێكرا قابیلە بێدەنگ بین وەرە ئەو كات پرسیارم لێبكە پێت دەڵێم هەڵوێستمان چی و چۆن دەبێت.
دوای بەیاننامەكە لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ڕووداو لە هەرێمی كوردستان وتی ئەوانەی ناوەندەكەیان ڕاگەیاندووە هیچ دەسەڵاتیان نیە و دوو جێگرەكەش بە چەپڵە بوونەتە جێگر.
شێخ جەعفەر مستەفا وتی شەرعیەتی ئەسڵی ئەسڵەن لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانن، وە لە دوای دوو جێگرەكە سێ كەسی تر شەرعیەتی هەیە لە ناو مەكتەب سیاسیدا كە بە دەنگی كۆنگرە هەڵبژێردراون ئەوانیش یەكێكیان حاكم قادرە و یەكێكیشیان مەحمود سەنگاوییە ئەوی تریشیان بەندەی موخڵیستانە، ئەم سێ كەسە بە دەنگ بووینەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەگەرنا باقیەكەی تری لەسەر بنەمای ئەوە دوو بۆ هەولێر و دوو بۆ سلێمانی و ئەوە دوو بۆ خانەقین و ئەوە دوو بۆ كەركوک بەو شێوەیە بوون بە سەركردایەتی بەشێكیشیان ئیحتیاتن. هەروەها وتیشی كاک كۆسرەت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە غیابی مام جەلالدا هەموو دەسەڵاتەكانی جێگری سكرتێری گشتی هەیە بەڵام بەداخەوە هەندێک جار دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار نەهێناوە ئەویش لەپێناو پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی، هەر ئەو كاک كۆسرەتە چەندین جار شەڕواڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هەڵكێشاوەتەوە. دووپاتیشی كردەوە جگە لەوە دوو برادەرەی جێگر ئەوانی تر نەک شەرعیەت فڕیشیان پێوە نەماوە نە بە مەكتەبی سیاسی و نە بە سەركردایەتی ، لە خۆشمەوە دەست پێدەكەم هەر كەسێكیش لاف لێدات كە سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسیە سەهووە.
شێخ جەعفەر مستەفا وتی هەروەک چۆن لە كوردستان كێشە و ململانێی نێوان لایەنەكان لەسەر پارە و پـۆستە كێشەكانی ناو یەكێتیش لەسەر دزینی سامانی میللەت و پۆستە نەک لەسەر فكر و كوردایەتی، من ڕۆژێک نەمبینی ئەوانەی كێشەیان هەیە بڵێن كێشەمان لەسەر ئەوەیە چۆن پارە و داهات دابەش بكەین بەسەر خەڵكدا و ژیانیان خۆش بێت، چۆن بەرگری لە كورد و دەوڵەت و خاكی كورد بكەین و كوردستان بگرینە ئاڵتون و كاممان داهاتی زیاتر بەسەر خەڵكدا دابەش بكەین.
وتیشی من پـێشمەرگەم و لە جەبهەم نامەوێت خۆم لەو ململانێ ناشەریفانەیەوە بگلێنم چونكە درزێک بكەوێتە بەرەكانی شەڕ داعش پەلاماری كوردستان دەدات و هەموو كوردستان ئاوارە دەبن. ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر پـۆست و پارە شەڕیانە هەموویان دەبێت بڕۆن لە بەردەم دەزگا و موخابەراتی دەوڵەتانی دەوروبەربكەون و بپاڕێنەوە وەرەقەیەكیان بۆ بكەن یان ڤیزەیەكیان بۆ بكەن، لەبەر ئەوە من خۆم خەریكی ئەوەم ڕێگە نەدەین كەلێنێكمان تێبكەوێت و داعش ئەمنیەتی ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان تێكبدات.