بەرپرسێكی یەكێتی: كۆتایی حەشدی شەعبی نزیكە
دوای ئەوەی چەندین جار بە شێوەی راستەوخۆو نا ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە ئەمریكا كردووە كە لە خاكی عێراق بچنەدەر, جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە خورماتوو، ڕای دەگەیەنێت، میلیشیای حەشدی شەعبی بە ھەڕەشەكردنی لە ھێزی ئەمریكا لە ناوچەكە، ھەنگاو بۆ كۆتای پێ ھێنانی خۆی دەنێت.
حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە خورماتوو،ڕایگەیاند: “بەشێك لە سیاسییەكان و گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی و بە ڕاشكاوانە ھەڕەشە لە ئەمریكا و ھاتنی ئەو ھێزەی ئەمریكا بۆ كەركووك و خورماتوو دەكەن، تا ئەو ئاستەی باس لە پەلاماردان دەكەن، لەبەرئەوەی میلیشای حەشدی شەعبی دەزانن كە ھاتنی ئەمریكا بۆ ناوچەكە ھۆكارەكەی چییە و بۆچی دێن، چونكە ھاتنی ھێزی ئەمریكا بەمانای بچووككردنەوە، یان دەرپەڕاندنی حەشدی شەعبی دێت لە ناوچەكەدا”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی، ئەوەشی خستە روو، كە ھەڕەشەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی بەرامبەر بە ھێزەكانی ئەمریكا كاریگەری ئەو تۆی نابێ، بەڵكو ململانێیەكان تۆختر دەكات و وا لە ئەمریكا دەكات خێراتر بێتە ناوچەكە.
گوتیشی: “حەشدی شەعبی بەشێكە لەو ستراتیژییە فراوانەی ھیلالی شیعی و دەستی شیعەیە، بۆیە ئەمریكا ئەوەی پێ قبوڵ نییە”
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی 200 ھەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.