لە شەنگاڵ بەهۆی داعش و حەشدی شەعبی, 100 هەزار كەس ئاوارە بوونە و ٤٧ گۆری بەكۆمەل دۆزراونەتەوە‌

 

بەپێی ئامارێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی كە بڵاوكراوەتەوە، تاوانەكانی داعش دژ بەپێكهاتەی ئێزدی لە ئابی ٢٠١٤وە تائێستا خراوەتەڕوو.
لە ئامارەكەدا هاتووە، ژمارەی ئێزدی لە عێراق ٥٥٠ هەزار كەس بووە، ٣٦٠ هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون‌و زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە‌و كۆچیان كردووە ، لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا “هەزار‌و ٢٩٣ ئێزدی شەهیدبوون‌و نزیكەی سێ‌ هەزار منداڵ هەتیو كەوتوون، بەجۆرێك ١٧٥٩ منداڵ باوكی لەدەستداوە‌و ٤٠٧یان دایكیان نەماوە، ٣٥٩ منداڵ دایك‌و باوكی لەدەستداوە‌و ٢٢٠ منداڵیش دایك‌و باوكیان لە دەستی داعشدایە.”

تەنیا لە سنوری قەزای شەنگال، تائێستا ٤٧ گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسیی، هەروەها داعش لە هێرشەكانیدا ٦٨ مەزارگە‌و شوێنی ئاینی ئێزدییەكانی تەقاندۆتەوە ، ئەو ئێزدییانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون، شەش هەزار‌و ٤١٧ كەس بوون‌و لەو ژمارەیەش، سێ‌ هەزار‌و ٥٤٧یان لە ڕەگەزی مێ‌‌و ئەوانیتر لە ڕەگەزی نێر بوون.
هەر بەپێی ئامارەكە، لەكۆی ژمارەی ڕفێراوان تائێستا سێ‌ هەزار‌و ٢٠٧ ئێزدی ڕزگاركراون لەنێویاندا هەزار‌و ١٣٧ ژن‌و كچ، ٣٣٥ پیاو لەگەڵ ٩٠٤ منداڵی كچ‌و ٨٣١ منداڵی كوڕ، بەڵام هێشتا سێ‌ هەزار‌و ٢١٠ ئێزدی چارەنووسیان دیارنییە كە بەسەر هەردوو ڕەگەزەكەدا دابەشبوون.

پێكهاتەی ئاینی ئێزدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.
قەزای شەنگال(بەدووری ١٢٠ لە رۆژئاوای موسڵ)، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ كۆنتڕۆڵكرایەوە.

Back to top button