ئیسلامیەكانی كوردستان ئاهەنگ و یادەكانی مولودیش كۆیانناكاتەوە
ساڵ و نیوێك سێ لایەنە ئیسلامییەكە چەندین دیدارو گفتوگۆیان ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجامێك، كە هەرسێكیان بە شانازییەوە باسی بكەن، لەدوای شكستهێنانیشی، هیچ كام لاش، بە ڕوونی ناوی لایەنی خەتابار ناهێنن.
بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی ھۆكاری سەرنەگرتنی پڕۆژەكەیان بۆ جیاوازی هەڵوێستی هەرسێ لایەن دەگەڕێنێتەوە بۆ پرسە سیاسیەكانی ھەرێم، بەڵام دەڵێت، بێ هیوا نەبوون و لە كاتێكی تردا، جارێكی تر هەوڵی بۆ دەدەنەوە.
تەموزی ساڵی ڕابردوو، بۆ یەكەمجار یەكگرتو و كۆمەڵ و بزوتنەوە بە نێوەندگیری چەند ڕێكخراوێك بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوە، دواتر سێ كۆبونەوەی باڵاو دیدارێكیان ئەنجامدا، بەڵام لەسەر پرسەكانی یەكگرتن و یەك ھەڵوێستی و یەك لیستی و كاری ھاوبەش نەگەیشتنە رێككەوتن.
بەشێك لە چاودێران دەڵێن، هەرچەندە لە ئاستی باڵا و بەرپرسانی لایەنەكان، تۆمەت ئاڕاستەی هیچ لایەك نەكراوە، بەڵام بەشێك لە لایەنگرانی ئەو سێ حزبە، لە فەیسبوك و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كەوتوونەتە وێزەی یەكتر.
دۆخەكە بە شێوەیەكە، لە ئێستادا ئیسلامییەكان تەنانەت ئاهەنگ و یادەكانی مەولودیشی بەیەكەوە ناكەنەوە.
دوركەوتنەوەی سێ لایەنە ئیسلامییەكە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەلبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم، پرسیاری بەشێك لە چاودێرانیش ئەوەیە، ئایا ئیسلامییەكان بەم دۆخەی ئێستایان و بە جیاجیا بەشداری هەلبژاردن دەكەن، یان لانی كەم، هەوڵێكی دیكە دەدەنەوە، چونكە دوركەوتنەوەكەیان، بەو ئاستە نییە.