كێشەی ناو یەكێتی گەیشتە ئاستی راگرتنی مووچە
خواكوڕك
لەسەر ئاڵوگۆڕی بەرێوەبەری ئاسایشی گەرمیان تاوەكو ئێستا مووچەی ئاسایشی ئەو بەرێوەبەرایەتیە دابەش نەكراوە سەرچاوەكانیش دەلێت چەكی بانكی ئاسایش كێشەی بۆ دواخستنی مووچەی ئاسایشی گەرمیان دروست كردووە.
سەرچاوەی میدیاكان ئاشكرایان كردووە، چەكی مووچەی ئاسایشی گەرمیان لای عەلی شەھید محەمەد ئاسایشی پێشووی گەرمیانە كە فەرمانی گۆڕینی دەرچووە، بەڵام چونكە واژووی عەمید نەوشیروان بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی گەرمیانی بەسەرەوەیە ئامادەنییە چەكی پارەكە رەوانەی بەنكی كەلار بكات بۆ ئەوەی مووچەی ئەفسەر و كارمەندانی ئاسایشی گەرمیان خەرج بكرێت، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی كارمەندانی ئاسایش كە چەند رۆژ ماوە بۆ جەژن و مووچەكانیان ھاتووە، بەڵام بەھۆی كێشەی شەخسی و تەكەتولاتی حزبی مووچەكانیان دابەش ناكرێت”.
ئەمە لە كاتێكدایە دوو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی ھێزەكانی ئاسایشی ھەرێمی كوردستانی دابەشكردووە.
لەماوەی رابردوو فەرمانی گۆڕینی عەلی شەھید محەممەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دراوە، لە شوێنی ئەو عەمید نەوشیروان دیاركرا، ئەمەش كێشەی زۆری لێكەوتەوە و تا ئێستاش كێشەكان بەردەوامن و ھەردوو بەڕێوەبەر دەوام دەكەن، بەپێی زانیارییەكانیش كێشەی ئاسایشی گەرمیان كێشەی باڵەكانی یەكێتییە لەوێ رەنگیداوەتەوە، ھەر بەڕێوەبەرەی سەر بە باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.