بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەوەشێتەوە

 

ماوەی مانگێك زیاترە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەھۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە ھیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووەو بەجۆرێك لەجۆرەكان دوورەپەرێزی‌و ناكۆكی لەنێوان سەركردە باڵاكانی بزووتنەوەكە بەدیدەكرێت.

بەپێی زانیارییه كانی خواكوڕك ، باڵێكی بزووتنەوەی گۆڕان، بەتایبەتی ئەوانەی، كە ئێستا لەنێو گۆڕاندا بەرپرسیاریەتییان ھەیە، زۆرترین كێشەیان لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەیەو بەشێكی زۆریان داوای ھەڵوەشاندنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەهۆی ئەو كێشانەوە خانەی راپەراندن ماوەی مانگێك زیاترە كۆبوونەوەی نەكردووەو ئەگەری ئەوەش هەیە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە دەستلەكاربكێشێتەوە.

عومەری سەید عەلی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن‌و مانگی حەوتی رابردوو لەلایەن جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە هەڵبژێران، كە بەهۆی ئەوەی لەئاستی پێویست نین رەخنەی زۆریان لێدەگیرێت‌و لەژێر فشاری هەڵسوڕاوەكانی گۆڕانن.

چاودێرێكی سیاسی بە (خواكوڕك) رایگەیاند ئێستا دۆخی سیاسی و خۆبەڕێوەبەری بزووتنەوەی گۆڕان بە خراپترین دۆخدا تێدە پەڕێت بە جۆرێك تەنانەت پەیوەندی نێوان بەشێك لە سەركردەكان پچڕاوە, هیچ ئاماژەیەك بۆ چارەسەری دۆخەكە نابینرێت بە تایبەت كە دەبینین ماوەی زیاتر لە مانگێكە كۆبوونەوەی حزبەكە نەكراوە, ئەگەری هەیە بزووتنەوەی گۆڕان درزی تێبكەوێت و دواتریش هەڵوەشێتەوە.

Back to top button