شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی حدك و سوپای ئێران روویدا
خواكوڕك
لە راگەیاندراوێكدا حزبی دیموكراتی كوردستان شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای ئێران و پێشمەرگەكانی لەناو چەی سەردەشتەوە پشتراستكردەوە، رایگەیاند دوو پێشمەرگەی حدك شەهید بوونە.
بەگوێرەی راگەیاندراوێك كە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حدك بڵاوی كردۆتەوە رایگەیاندووە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان(٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لەگەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون.
دەقی راگەیەندراوەکەی حدک:
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی سەردەشتەوە بە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزب گەیشتوون، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان(٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لەگەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون.
بەدوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە کە لە ژمارەیەک مینو گوللە تۆپ پێک هاتبوو، هێزەکانی ڕژێیم لە پێگە نیزامییەکانو ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان جێگیر ببوون، شوێنی ڕووداوەکە و مەسیرەکانی دەوروبەریان دایە بەر دەسڕێژ و تۆپ و خومپارە باران. پێشمەرگەکان لە مەسیری دوورکەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەکە، لە هێزەکانی رژێم وەدەست هاتنو، بەرپەرچی دەسڕێژو تەقەی ئەوانیان دایەوە.
بەهۆی تەقینەوەی تەڵەی ئینفیجاری، بە داخێکی گرانەوە، دوو پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتوو بە ناوەکانی ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و ئەمیر قادریان ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەت، گیانیان لەدەستدا و چوونە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدان. پێشمەرگەکان لە کاتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە، کەوتنە ژێر تەعقیب و ئاگربارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیو لە گەڵیان تووشی تێکهەڵچوون بوون. لە ژمارەی کوژراو و برینداری دوژمن لەم تێکهەڵچوونانەدا، هەتا ئێستا زانیارییەکی ڕوونمان پێ نەگەیشتوە.
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بەداخبوون لە شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆز و ماندوونەناس ئازاد ئاڵیو ئەمیر نەستانی، سەرەخۆشیو هاودەردیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەکانیان، هاوسەنگەرانیانو خەڵکی ناوچەی سەردەشت ڕادەگەیەنێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی