سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ عەبادی: پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە زیاد بكە
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق پڕۆژە یاسایی بودجەی 2018ی نارد بۆ پەرلەمانی عێراق, كەمكردنەوەی بودجەی كوردستان كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە, بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای كرد، سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، فشاری خستووەتە سەر عەبادی، بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق زیاد بكات.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاند: “سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، فشاری خستووەتە سەر حكوومەتی فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2018، پشكی هەرێمی كوردستان، زیاد بكات”.
جەختیشی كردووەتەوە، گەر فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ بەردەوام بن، بەدڵنیاییەوە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، زیاد دەكات.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، گوتیشی: “لیژنەی دارایی پەرلەمان تا ئێستا كۆبوونەوەكانی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە، دەست پێنەكردووە، بەڵام ڕەنگە بەم نزیكانە كۆبوونەوە بكرێت”.
ئاشكراشی كرد، كە لیژنەكەیان بەمەبەستی گۆڕانكاریكردن و هەمواركردنەوەی پرۆژەیاساكە، بودجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێنێتەوە.
لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، پشكی هەرێمی كوردستان لە 17%ەوە بۆ 12.67% كەم كراوەتەوە، لەوبارەیەوە هەر پێنج فراكسیۆنە كوردستانییەكە لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، گەر پشكی هەرێم نەكرێتەوە بە 17% ، بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكەن.