ترەمپ: بڕیارەكەم لە بارەی گواستنەوەی بالیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس زۆر دواكەوتووە
ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز لە زاری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بڵاویكردەوە، كە ناوبراو رایگەیاندووە، لە بارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس كە لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئۆرشەلیم ناودەبرێت، بڕیارەكەم زۆر دواكەوتووە.
بڕیارە ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ لە بارەی داننان بە قودس/ ئۆرشەلیم وەك پایتەختی ئیسرائیل بڕیار بدات.
بە هۆی ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپەوە، وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی هۆشداریان داوەتە ئیدارەی ئەمریكا.
كەنەدا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە كە رایگەیاند، دان نانێت بە قودسدا وەك پایتەختی ئیسرائیل.
هاوكات سەرۆكی هەریەك لە ئێران و توركیاش دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە و سەركردە و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبیش داوایان كردووە، ترەمپ بڕیاری لەو جۆرە نەدات.
هەریەك لە توركیا و ئەردەنیش داوایانكردووە، كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە نوێیەكەی بڕیاری ئەمریكا لە بارەی قودسەوە كۆببێتەوە.