باڵێكی یه‌كێتی مانگانه‌ 60 ملیۆن دۆلار له داهاتی ‌چه‌ند بیره‌ نه‌وتێكی كه‌ركوك ده‌بات

خواكوڕك

دكتۆر شێركۆ جەودەت، سەرۆكی‌ لیژنەی ووزە و سامانە سرووشتییەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان رایگەیاند، “بەبێ‌ ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای‌ سلێمانی، نەوتی كەركووك هەناردەی ئێران دەكرێت و داهاتەكەشی دیار نییە، لە بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئەو بڕە نەوتە هەناردەی‌ ئێران دەكرێت لەلایەن چەند كەس و كۆمپانیایەكەوەیە لە سنووری‌ یەكێتی نیشتیمانی کوردستان”.

لە لاپەڕەی تایبەتی‌ خۆی‌ لە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبووك شێركۆ جەودەت له‌ نووسینێكدا رایگه‌یاندووه‌، “هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە بە رەزامەندی كۆمپانیاکانی نەوتی باكوور و حكومەتی عێراق ئەنجامدەدرێت، رۆژانە 30 هەزار بەرمیلە و داهاتەكەشی‌ مانگانە 30 ملیۆن دۆلار دەكات، كە كەس نازانێت دەچێتە گیرفانی‌ كێ‌”.

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ سامانە سرووشتییەكان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نوسێت، “هەمان بڕە نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەیەكی نایاسایی شارۆچكەی دووكان بەڕێدەکرێت و داهاتەكەش بۆ چەند كەسێكە، بە هەردوو مامەڵەكە مانگانە 60 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی كەركووك بۆ چەند كەسێك دەڕوات”.

خواكوڕك زانیویه‌تی ئه‌و نه‌وته‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای نۆكانی نزیك له‌ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، و به‌پێی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور كرداری گواستنه‌وه‌ و فرۆشتنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

Back to top button