مستەفا چاوڕەش: كاتی ئەوە ھاتووە سنوورێك بۆدەست درێژیەكانی حەشدی شەعبی دابنێین

 

دوای ئەوەی بە هاوكاری گرووپێكی خیانەتكاری یەكێتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووك و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستانیان داگیركرد, لە ئێستادا دۆخێكی سەربازی و پرۆسەیەكی جینۆساید لە كەركووك و ئەو ناوچانە دژ بە كورد بەڕێوە دەچێت, فەرماندەیەكی سەربازی یەكێتیش دەلێت:” كاتی ئەوە ھاتووە سنوورێك بۆدەست درێژیەكانی حەشدی شەعبی دابنێین”.

مستەفا چاوڕِەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و فەرماندەی سەربازیی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: “كاتی ئەوە ھاتووە ئیدی سنوورێك بۆ ئەو ناعەدالیەتییەی ھێزەكانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی دابنرێت، بۆیە ئێستا خەریكی رێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانین، سەنگەری نوێی خەندەق لەگەڵ ئەو ھێزانە لێدراوە و چیی دیكە رێیان نادەینێ، یەك بست پێشڕەوی بكەن، لەوەی ھاتوون لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر”.

لەبارەی ئەوەی ئەو ھێزانە داوای بازگەی شێخ باوەی، سنووری ئیدارەی گەرمیان دەكەن و لە قەرەھەنجیر چەند جارێك ئاژاوەیان ناوەتەوە، فەرماندە سەربازییەكەی یەكێتی وتی: “لەو شوێنانەی كە ھێزەكانی عیراقی لێیە، ئیدی لەوە ‌زیاتر بیانەوێت پێشڕەوی بكەن لێیان قبووڵ ناكەین، بۆیە ئەگەر رێیان بدەین ئەوان دەیانەوێت كوردستان ھەمووی كاول بكەن، بۆیە ئیدی بێت و بیانەوێت سنوور ببەزێنن، شەڕ دروست دەبێت”.

ئەو فەرماندە سەربازییەی یەكێتی دەشڵێت: “لەگەڵ كاك (مەسعوود بارزانی) كۆبونەوەمان كردووە، باسمان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی ھێزەكانمان كرد، تەواوی رەوشی سەربازیمان لە سەنگەرەكان تاوتوێ كرد، تەواوی میحوەرەكان رێك خراونەتەوە”.

لەبارەی رەوشی ئێستا‌ی دووزخورماتوو ناوبراو دەڵێت: “حەشدی شەعبی ئەو شارەیان كاول كردووە، ئەوەش حكومەتی عیراق لێی بەرپرسیارە،‌ كە بە پێی قانوون ئەو ھێزانە سەر بە حكوومەتی عیراقن، بۆیە ئێستا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لەگەڵ وڵاتان لەسەر خەتن بۆ چارەكردنی ئەو رەوشە كاولكارییەی كە ئەو ھێزانە بەسەر دووزخورماتویان ھێناوە”.

لەبارەی جووڵەی ھێزەكانی حەشدەوە دەڵێت: “حەشد زیاتر لە ٦٠ گرووپن، ھیچ تەرتیبێكی سەربازییان نییە و سەرەڕای ئەوەی بە یاسا وا دەردەكەوێت سەر بە حكومەتی عیراقن، بەڵام ھەرگرووپە و سەر بە كەسایەتێكی عیراقە،‌ بۆیە بێسەروبەرن و كەس خەتی كەس ناخوێنێتەوە”.

Back to top button