پەرلەمانی كوردستان هەشت پرۆژە یاسا ئاراستەی لیژنەكانی پەرلەمان دەكات
ئەمڕۆ ٦-١٢-٢٠١٧ پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، خوێندنەوەی بۆ هەشت پڕۆژەیاسا كرد و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی ناو پەرلەمانی كرد.
دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی دەستیپێكرد. لە بڕگەی یەكەمدا پڕۆژەیاساكانی هاتوچۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ لە هەرێمی كوردستان و یاسای ئەنجومەنی كاروباری پێكهاتەكان و یاسای دەستەی یەكە پزیشكییە تایبەتەكان و یاسای هەمواری پێبژاردن (الغرامات)، لە یاسای سزاكانی عیراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراوی كوردستانی و یاسای ئەنجومەنی پزیشكی و یاسای هەمواری بیستەمی یاسای میلاكات ژمارە (٢٠)ی ساڵی ١٩٦٠ی هەمواركراوی كوردستان و یاسای زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی دەوڵەت و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە خێزان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی كوردستان تاووتوێكران.
هەر ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەماندا بڕگەی روداوەكانی خورماتوو گفتوگۆی لەسەركرا، بەڵام لە دانیشتنی یەكەمدا ئەندامان نەگەیشتنە ئەنجامێكی ئەوتۆ بۆیە دانیشتنەكە بۆ ماوەیەك دواخرا.
واش بڕیارە هەر لەم دانیشتنەدا پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر چوار خاڵی دیكە بكات، كە یەكێكیان تایبەتە بە یاسای بەكرێدانەوەی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستاندا.