شەشۆ: شنگال قائیمقامی خۆی هەیە و پێویستی بە قائیمقامی سەر بە میلیشیاكانی حەشد نییە
دوای خیانەتەكەی گرووپی یەكێتی حەشدی شەعبی چەند ناوچەیەكی كەركووك و كوردستانیان داگیركرد, كە دوای داگیركردنی ئەو ناوچانە لە هەوڵی ئەوەدان بەر پرسانی ئیداری ناوچەكە لەسەر خواستی خۆیان گۆڕانكاری بكەن, لە دواهەمین هەولیشیاندا دەیانەوێت قائیمقامێك بۆ شنگاڵ دابنێن, فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخانیش دەڵێت:” ئێزدییەكان دەیانەوێت خۆیان ناوچەكەیان بەڕێوە ببەن و ژیانی بۆ بگەڕێننەوە، هاوكات ڕەخنە لە كەسایەتییە نزیكەكان لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەگرن”.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان، ڕای گەیاند: “دانیشتووانی شنگال دەیانەوێت، خۆیان ناوچەكەیان بەڕێوەببەن دوور لە كەسایەتییە پەیوەندیدارەكان بە حەشدی شەعبی”.
هەروەها، گوتیشی: “داوا دەكەین بەپەلە ژیان بۆ شنگال بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕوویان تێبكەن”.
جەختیشی كردەوە، كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا لە باكووری شنگالن، گوتیشی: “هاتنیان بۆ شنگال لە بەرژەوەندی دانیشتووانەكەیدا نییە، چونكە هاتنی میلیشیاكان بوو بەهۆی نەهاتنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ شنگال”.
باسی لەوەش كرد، كە شنگال قائیمقامی خۆی هەیە و پێویستی بەوە نییە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە قائیمقامی بۆ دابنرێت و ئیدارەیەكی نوێی سەر بەحەشدی شەعبی هەبێت: “داواش دەكەین بەزووترین كات ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان بگەڕێنەوە”.