عاقڵ بە تڕامپ

مەسعود مەلا پەوروێز
سەرۆکی ئەمریکا لەو بڕیارەت پاشگەزبەرەوە ، بڕیارێکی هەڵە و پەلەت داوە وا باشترە زوو لەو بڕیارەت پەشیمان ببیتەوە ، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و ناساندنی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل دەزانی چەند ناڕەزایی گەورەی لێ کەوتۆتەوە بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی,دەزانم تۆ هیچ حسابێک بۆ ئەو ناڕەزاییانە ناکەیت ، بەڵام ئامۆژگاریت دەکەم جیا لە هەموویان حساب بۆ ئەو پەیامە توندەی فەخامەتی سەرۆک کۆماری عێڕاق بکە ، چونکە بە ئاشکرا و بەڕوونی پێت دەڵێت کە ئەو بڕیارەت دەبێتە مایەی جەنگ و ئاژاوە ،

هەروەها ئەو سەرۆک کۆمارە کوردە داوای دەوڵەتی سەربەخۆیی فەڵەستین دەکات، دەبێت قودسیش پایتەخەکەی بێت، ئەم پەیامەی سەرۆکە بێ دەنگەکە بەهەند وەربگرە ، چونکە ئەو تەنها لەسەر بابەتی گەورە و ڕووداوی گەورە دێتە جواب ، خۆ کاتێک حەشد و فەیلەقی قودس، قودسی کوردستانیان داگیر کرد و لە خورماتوو هەرچی ماڵ و خانوی کورد هەبوو تەقاندیانەوە و تاڵانیان هێشتا لای فەخامەتیان بابەتێکی بچووک و سادە بوو بۆیە تا ئێستایش لێی نەهاتە دەنگ.

هەرچەنده بەڵێنی دابوو فەوجێک لە پاسەوانەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کەرکوک و خورماتوو بنێرێت بەڵام دوای بڕیارەکەی تۆ تا ئێستا سەرۆک کۆمار هێزەکەی خۆی نەناردووە لەوانەیە هەرچی پاسەوانی هەیە بۆ ڕزگارکردنی قودس بینێرێ پێشتریش هەر کورد بوو قودسی ڕزگار کرد و تەسلیمی عارەبی کردەوە ، کورد فێرە قودسی خەڵکی تر ڕزگار بکات و قودسی خۆی تەسلیمی داگیرکەران بکات

Back to top button