مەحموود عوسمان: پیشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركووك ئەو دۆخەی ئێستا لە وێ دەگوزەرێت كاتییە
دوای ئەوەی كەركووك بە هۆی خیانەتی گرووپێكی یەكێتی لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیر كرا, لەئێستادا پرۆسەیەكی سەربازی دژ بە كوردانی ئەو شارە بەڕێوەدەچێت, سیاسەتمەدارێكی كوردستانیش دەلێت، ئەو دۆخەی كە ئێستا لە كەركووك دەگوزەرێت، كاتییە و كورد مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، لە بارەی دۆخی ئێستای كەركووك ڕایگەیاندووە: “ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە ئێستا لە كەركووك ھەیە بەقەناعەتی من تێدەپەڕێت و كاتییە، چ كاتێك گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەستی پێكرد، یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان دەبێت چارەسەرێك بۆ دۆخی كەركووك و دەوروبەری بدۆزنەوە و بۆ ئێستاش دەتوانرێت بە ئیدارەیەكی ھاوبەش ئەو سنوورە ببرێتە ڕێوە، چونكە ئەو دۆخەی ئێستا ناكرێت بەمشێوەیە بمێنێتەوە و بە پێی دەستوور دەبێت كێشەكان چارەسەر بكرێن”.
ئەو سياسەتمەدارەی كورد دەشلێت، بە پێی دەستوور ھێزەكانی پێشمەرگە دەبێت ھەر ڕۆژێك بێت بگەڕێنەوە بۆ سنووری كەركووك، عێراق زۆر جار باس لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكات، پێشمەرگەش ھێزێكی دەستوورییە و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو: ”ئێستا لە عێراقدا واقعێكی تازە درووست بووە و پێویستە ئەمریكا باشتر بناسین و ئەو دۆخەی كە ئێستا ھەیە لە عێراق و بێ دەنگی ئەمریكا، ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئەوانیش بەو دۆخە ڕازین“.
لە بارەی پێشێلكارییەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو دژ بە ھاووڵاتییانی كورد، د. مەحمود عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە بەڕێككەوتن گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و دەوروبەری دەربكرێن، ئەگەر دەریش نەچن، ئەوان كاتێك كە تەعەدا دەكەن لە خەڵك، لە بەرامبەریشدا كوردیش بەرگری لە خۆی دەكات، چونكە مافی خۆیەتی كە بەرگری لە خۆی بكات.
ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی ٢٠٠ ھەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە”.