راوێژكاری سەرۆك كۆمار: عەبادی توشی غرووری سیاسی بووە, دەست پێشخەریەكەی فوئاد مەعسومیشی رەتكردۆتەوە
دوای ئەوەی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد, پێشنیاری دەست پێشخەری گفتوگۆی خستە بەردەم حكومەت و خزبەكانی كوردستان, دوای رەزامەندی حكومەتی هەرێم لەسەر دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ, هەمان پیشنیار بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە, بەلام حەیدەر عەبادی، پێشنیاری فوئاد مەعسومی ڕەت دەكاتەوە و ڕاویژكارێكی سەرۆك كۆماریش دەڵێت: “عەبادی كەڵكی گفتوگۆی نییە”.
سیروان ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە: “مالیكی و عەبادی یەك سیاسەت پەیڕەو دەكەن و كەڵكی گفتوگۆیان نییە و ئەوان پێشنیاری فوئاد مەعسومیشیان ڕەت كردوەتەوە، چونكە تووشی غروورێكی سیاسی بوون و وا دەزانن بەم ڕەتكردنەوەیان، ئیتر دەیان گەیەنێتە ئامانج، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم غروورە تاسەر نابێت”.
ھاوكات، عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ڕایگەیاند: “سەرۆكوەزیرانی عێراق تووشی غروورێكی گەورە بووە و گوێ لە كەس ناگرێت و تا ئێستا وتارەكانیشی بە جۆرێكن كە كەڵكی ئەوەی نییە لەگەڵی دابنیشی“.
ئاماژەشی بەوە كرد: ”سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی نییە كە گوشار بخرێتە سەری، بەڵام وڵاتان ئەگەر مەبەستیان بێت، دەتوانن ئەو كارە بكەن، بۆیە تاكە چارە ئەوەیە فشار بخرێتە سەر عەبادی”.
شایەنی گوتنە, فوئاد مەعسوم دەستپێشخەرییەكی ڕاگەیاند و سەردانی سلێمانی، كەركووك و هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و باسی لە هەوڵێكی خۆی بۆ گفتوگۆ و دانیشتن كرد.