حەیدەر عەبادی ناماقوڵیت کرد
نیاز حاجی
حەیدەر عەبادی لە بونەیەکی دامەزراندنی حزبی دەعوەدا لە ۲٠۱۷/۱۲/٦ وتارێکی پێشکەش کرد کە تێدا کۆمەڵێک ناماقولی بەرامبەر کوردستان و پێشمەرگە کرد ، رایگەیاند (( بەیەکگرتوو هێشتنەوەی عێراق و رێگریکردن لە دابەشبوونی ، سەرکەوتنێکە هیچی کەمتر نیە لەو سەرکەوتنەی کە بەسەرداعشدا تۆمارمان کرد ، هەندێک دەیانویست شەری داعش بکەنە پردێک بۆ دابەشکردنی عێراق و جیابوونەوە ، سوپاس بۆ خوا ئەو هەوڵە سەری نەگرد بەهاوکاری برایانی کورد و عەرەب ، ئەو پێشمەرگانەی شەڕی داعشیان کرد، رەتیان کردەوە چەکەکانیان روبەروی سوپای عێراق و هێزە ئەمنیە ئیتیحادیەکان بکەنەوە ، ئەوان گوێرایەڵی فەرمانەکانی ئەو سەرکردانە نەبوون کە ویستیان عێراق دابەش بکەن)).
سەرەتا حەیدەر عەبادی دەبێت ئەوە باش بزانێت کە کوردستان سەیری ئەو دەکات وەک (شێرێکی لە کاغەز دروست کراو )، تەواوی ئەو سەرکەوتنانەی کە شانازی پێوە دەکات لە شەری داعش ، بەهاوکاری و سەرپەرشتی کردنی سەرکردەو سوپاو هێزی میلیشیایی چەندین وڵات بەدەستهاتوون ، وە گەلی کوردستان و پێشمەرگەش هەوێنی سەرەکی ئەو سەرکەوتنانە بوون پاش ئەوەی سوپا تایەفی و فشۆڵەکەی عێراق لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا نزیکەی نیوەی عێراقیان رادەستی داعش کرد بەتەواوی چەک و تفاقی ۷ فرقەی سەربازی و پۆلیسی ئیتیحادیەوە .
حەیدەر عەبادی ناماقوڵی کرد کاتێک دەیەوێت شەری یەکارچەیی عێراق (شەری کوردستان) بە شەری داعش بچوێنێت و بەسەرکەوتن تۆماری بکات ، ئەو سەرکەوتنەی ئەو باسی دەکات بەهۆی دەست تێکەڵکردن و خیانەتی چەند بەناو سەرکردیەکی کوردەوە بوو لە ۱٦ی ئۆکتۆبەر ، هەروەها بە بەشداریکردن و سەرکردایەتی راستەوخۆی فەرماندە و دەزگای هەواڵگری چەندین وڵاتی ئیقلیمی و هێزی میلیشیایی تایەفیەوە بوو نەک قارەمانێتی سوپا فشۆڵەکەی .
دەبێت حەیدەر عەبادی ئەوە بزانێت کە سوپا فشۆڵ و میلیشیا تایفیەکەی، ئازایەتی ئەوەیان تێدا نیە لەهیچ سەنگەرێکدا بتوانن روبەرووی پێشمەرگە ببنەوە و خۆیان لەبەری بگرن ، کار و پیشەی سوپا و میلیشیا تایفیەکەی تەنها بریتیە لە راکردن و ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە دژی هاوڵاتیان و دەربەدەرکردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان.
سوپا تایەفی و فرەرەگەز و فشۆڵەکەی حەیدەر عەبادی بۆ دەرکردنی چەند چەکدارێکی داعش لە شارەکاندا سیاسەتی (وێرانکاری و سوتاندنی رەهایان) پەیڕەوکردوە و جیاوازیان لە نێوان تیرۆریست و خەڵکی بیێتاوان و سڤیڵدا نەکردوە ، دیمەنەکانی شاری موصڵ ئەو راستیەیان بۆ هەموو جیهان سەلماندووە . تاوانەکانی خورماتوش لە دوای داگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی حەیدەر عەبادیەوە دوپاتکردنەوەی چەند بارەی ئەو تاوانانەیە .
حەیدەر عەبادی ، هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی (صدام و نوری مالیکی) ، خاوەنی یەک جۆر رەفتار و بیرکردنەوەن و هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا بەدی ناکرێت ، بینیمان کە صەدام و نوری مالیکی سەرکەوتوو نەبوون لە خەونی بە چۆکدادانی کورد ، ئاواش عەبادی سەرکەوتوو نابێ لە جێبەجێ کردنی ئەو خەونە و شکست دەهێنێت ، پێشمەرگە لوتی صەدام و ماليكى و داعشي شكاند ، ئاواش لوتی عەبادی و غروری عەبادی و سوپا تایەفی و میلیشیاییەکەی دەشکێنێت .
حەیدەر عەبادی بۆ خۆدزینەوە لە گوشارەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئەو پەیمانە درۆینانەی بۆ چاکسازی داویەتی ، هەروەها بۆ خۆدزینەوە لە گەراندنەوەی ئاوارەکانی ناوچە سونیەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ کوردستان و جێبەجێ کردنی دەستور و زۆر دۆسیەی تر ، بە بۆنەو بێ بۆنە ، باسکردن و هێرشکردنە سەر کوردستانی کردۆتە پیشە ، ئەوەی ئەو لەسەر کورستان دەیڵێت ، زۆر لە قەبارەی بچوکی ئەو گەورەترە ، کوردستان ئەو پاروە چەورە نیە بە عەبادی قوت بدرێ ، پێش ئەو زۆری تری خنکاند .
ئەو بەناو کوردە عێراقیانەش کە حەیدەر عەبادی بە (شرفاء) ناویان دەبات ، لای گەلی کوردستان بە شەرشۆڕو خیانەتکار لەقەڵەم دراون و جێگاشیان زبڵدانی مێژووە .