پهرلهمانی كوردستان: لێدوانهكانی عهبادی مەترسی و هەڕەشەن لەسەر داهاتووی عێراق
سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان، وهڵامی لێدوانێكی حهیدهر عهبادی، سهرۆك وهزیرانی عێراق دهداتهوه كه له رۆژی 6/12/2017 رایگەیاندبوو “رێگریكردن لە دابەشبوونی عێراق سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا”.
دەقی راگەیێندراوەکەى سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان:-
لە رۆژی 6/12/2017 بەرێز (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، “رێگریكردن لە دابەشبوونی عێراق سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا” .
ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش، ئەو راستییە دووبارەدەكەینەوە، كە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی نەبوایە، هێزەكانی عێراق لە مووسڵ و زۆر لە ناوچەكانی دیكەش، كە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر كونترۆڵی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنە تۆماربكەن كە ئێستا بەرێز (عەبادی) شانازیی پێوەدەكات، هەروەها جێگەی سەرسورمانیشە كە بەرێز (عەبادی) ئەو هێرشە سەربازییەی، كە لە رۆژی 16/10/2017 بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتی عێراقن و ئەو تاوانانەی لە كەركووك و دووزخورماتوو و ناوچەكانی تر ئەنجامدراون، بە سەركەوتن لە قەڵەمبدات و هاوشێوەی سەركەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بكات.
ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو لێدوانەی بەرێز (حەیدەر عەبادی) بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیەكی راشكاوانە دەزانین، چونكە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (9)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئەم جۆرە كردەوە لەشكریانە دژی هاووڵاتییانی عێراق ئەنجامبدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێلكردنێكی دیكەی زەقی دەستوورە، كە دەخرێتە سەر ئەو پێشێلكارییە زۆرانەی دەستوور كە لە لایەن حكوومەتە یهك لهدوای یەكەكانی عێراق ئەنجامدراون، لە وانەش جێبەجێنەكردنی مادەی (140)ی دەستوور و، هەر ئەم پێشێلكارییانەشبوون كە بۆنەتە هەڕەشەو مەترسی بۆ پارچەبوونی عێراق و هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەم هەلەیە بقۆزنەوە و رێژەیەكی زۆری خاكی عێراق داگیربكەن و جینۆساید و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.
دووبارە، داوا لە بەرێز (عەبادی) دەكەین كە هێزی لووژیك بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان دانەخات و رێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسكەكان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەكەی هەبێت؛ چونكە زەرەرمەندی یەكەم و كۆتایی لە زمانی هەڕەشە و بەكارهێنانی هێز، خودی هاووڵاتییانی عێراقن و ئەم جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی لێدوانی بەرێز (عەبادی) مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ئایندە عێراق كە وەك وڵاتێكی مەدەنی و دیموكراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانوستان تاكە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەكان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان – عیراق
8/12/2017