وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان: لێدوانی عه‌لی حه‌مه‌ صاڵح و شێركۆ جه‌وده‌ت به‌ درۆده‌خاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، لێدوانی دوو په‌رله‌مانتاری كوردستانی ره‌تده‌كاته‌وه‌، كه‌ رایانگه‌یاندبوو.” حكومه‌ت نه‌وتی كێڵگه‌ی شێخانی به‌نرخى برێنت – 18 دۆلار فرۆشتووه‌.”

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا هاتووه‌ “ئێمە وەك وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سەرتاپای ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە، گوایا به‌گوێره‌ی فەرمانی وەزاریمان ژمارە 6884 لە 5-12-2017 دا ئەم نەوتە بە نرخی (برێنت – 18) دۆلار فرۆشراوە، واتە نرخی برێنت چەندبێت بە 18 دۆلار کەمتر، بۆنموونە ئەگەر نرخی برێنت 63 دۆلار بێت لە بازاڕی جیھاندا، واتا بە 45 دۆلار فرۆشراوە”.

به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ “ئەم نرخە لە بەرژەوەندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەبەر کوالێتی نەوتە خاوەکە کە قورسە و کبریتی  تێدایە، ھەروەھا تێچووی گواستنەوەی بۆ ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکو لە بەندەری جەیھانیش (برێنت – 20) دۆلار دەکات، واتە بۆ ئێمە 2 دۆلار باشترە، ھەر لەبەر ئەمەش کڕیارە نێوخۆییەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە”.

کۆمپانیای نەوتی گۆڵف کێستۆن لە کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای سەرکارە. نەوتی شێخان نەوتی قورسە و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی دیکە کە بە بۆری هەناردەدەکرێت کوالێتی نەوتی هەرێمی کوردستان دادەبەزێنێت، لەبەرئەوەیە بڕیاردراوە بە جیا بفرۆشرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیوایە، “باشتر وابوو ئەو دوو پەرلەمانتارە پرسیاریان لە وەزارەتمان بکردایە تاوەکو وەڵامیان دەستدەکەوت، نەك تەنیا بەمەبەستی ئاژاوەچێتی و سەرلێشێواندنی ھاووڵاتیان بێت کە بەداخەوە ھێشتا بەردەوامن لەسەر ئەم رەفتارانەیان لەم قەیرانەدا، کە لە مەبەستی نووسراوەکانمان تێناگەن و نایانەوێت تێبگەن و بەشێوەی ھەڵە لێکیدەدەنەوە و بڵاویدەکەنەوە”.

ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌” هەردوو پەرلەمانتار (عەلی حەمەساڵح و شێرکۆ جەودەت) بڵاویانكردبووه‌وه‌” كه‌ نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان تەنیا بە 18 دۆلار لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە فرۆشراوە”. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیێنێت، “ئەو لێدوانە دوورە لە راستی و بەشێوەیەکی بێبنەما وروژێنراوە”.

Back to top button