هێرۆ هەرەشە لە عەبادی دەكات
خواكوڕك
لە نامەیەكدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نیگەرانی خۆی لەمەر رێكەوتن لەسەر نەوتی كەركووك لەگەڵ هەرێمی كوردستان رادەگەێنێت، گلەی ئەوەی كردووە كە نەوتی كەركووك لەرێگای بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
كەناڵی گەلی كوردستانی ئۆرگانی فەرمی یەكێتی نامەیەكی گلی ئامێزی هێرۆی بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا هێرۆ گلەی لە عەبادی دەكات لەمەر رێكەوتن لەسەر نەوتی كەركووك لەرێگای هەرێمی كوردستانەوە، لەبەرامبەرشیدا وادەی پێنج رۆژەی داناوە.
لە نامەیەکدا كە واژۆی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لەسەرە، هاتووە: “دوای راوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتمەندن بە کەرکووک، هەروەها لە سۆنگەی بایەخدانمان بەو پەیوەندییە ئەرێنییەی نێوانمان، بڕیارماندا ئەم نامەیەتان ئاراستە بکەین و تێیدا هەڵوێستی جێگیری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانتان بۆ دووبارە دەکەینەوە لەبارەی پێویستی پەیڕەوکردنی شەفافیەت و دادپەروەری لە تەواوی پرۆسەی نەوتدا”.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە نامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو نەوتەی لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرێت لە کێڵگەکانی بای حەسەن و ئاڤاناوە داهاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە شەفافی و دادپەروەری خەرج ناکرێت و دەڵێت: “بەهۆی ئەم کارانەوە هاونیشتمانیانی پارێزگای کەرکووکیش بێبەش بوونە لە پترۆدۆلار و ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک کردووە”.
هەروەها داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی کەرکووک دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری دووبارە هەناردەکردنەوەی 100 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەبێ هەماهەنگی و رێککەوتن بووە لەگەڵ ئەواندا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات هەناردەی نەوتی کەرکووک رابگرێت و ئەوەش بەبیر سەرۆکوەزیرانی عێراق دەهێنێتەوە کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ئەو کێڵگانە لەسەر رێنمایی خۆیان لەلایەن هێزێکەوە گیراوەتە ئەستۆ.
لە نامەکەدا کە رۆژی 19-8-2016 نێردراوە، داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات ئەرێنییانە لەماوەی پێنج رۆژدا مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانیان بکات و هەڕەشە دەکات و دەڵێت: “بۆ ئەوەی ناچار نەبین ئەو هەڵبژاردانەی لەبەردەستماندایە بگرینەبەر بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت لەو کێڵگانەوە، بەتایبەتی کە ئێمە لەبەردەم گوشاری جەماوەریی و رای گشتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک داین”.
پێشتر ئەوە بڵاو كرایەوە كە نەوتی كەركووك لەلایان هێرۆی هاوسەری تاڵەبانی و بەرپرسی باڵی قورخكاری ناوی یەكێتی راگیراوە و لەرێگای تانكەرەوە هەناردەی ئێران كراوە، هیچ دینارێكیش لەو پارەی بۆ كەركووك نەگەرێنراوەتەوە، بە پێی بەیاننامەكەی باڵی ناوەندی بریار و بەرپرسانی ئەو باڵە رایانگەیاند دزنی نەوت و گەمە كردنی بە قوتی خەڵك لەلایان باڵی قورخكاری یەكێتی بووتە هۆكاری دابەش بوونی یەكێتی.