پێكهاتەی حەشدی شەعبی و ناكۆییەكانی خامنەیی و سیستانی
دانا مەنمی
حەشدی شەعبی یەكەمین هێزی سەربازی نانیزامییە لەمێژووی عێراقی هاوچەرخدا، ئەو سیاسەتەی عێراق لەسەری دەڕوات لەوەتەی سوپا دامەزراوە لەساڵی ١٩٢١ەوە هەتا ٢٠١٤ مەرجی سەرەكی تیایدا ئەوە بووە كە خۆبەخشانی سوپاو پۆلیس راهێنانیان پێبكرێتو بلكێنرێن بەدەوڵەتەوە، بەڵام حەشدی شەعبی ئەم یاسایانە نایانگرێتەوە، پلەو پۆستی سەربازی لەنێوانیاندا نییەو فەرماندەكانیش بەپێی پەیوەست بوونیان بەگروپە شیعەكانەوە دادەنرێن نەك بەپێی شارەزایی، لەدوو ساڵی رابردوودا حكومەت شكستی هێناوە بۆ رێكخستنیان.
هەر یەكێك لەگروپەكانی حەشدی شەعبی رێكخستێكی تایبەت بەخۆیان هەیەو لەژێر ركێفی بەرپرسە ئاینییەكەیاندان، بەشێك لەمانە گرتوخانەی تایبەت بەخۆیان هەیە كە حكومەت پێی نازانێت، رێكخراوی هیومان رایس وۆچ لەبەیاننامەیەكیدا هێزەكانی حەشدی شەعبی و كەتائیبی حزبوڵاو فەیلەقی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق تۆمەتبار دەكات بە كوشتن و تیرۆركردنی خەڵكی سڤیل .
ناكۆكی خامنەئی و سیستانی لە ناو پێكهاتەی حەشدی شەعبی دا
گروپە شیعەكان پێكەوە كۆك نین، بگرە ناكۆكی زۆر قووڵ لەنێوانیاندا هەیە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو گروپانە بوون بەسێ بەشەوە، بەشی یەكەم نزیكن لەئێرانەوەو گرێدراون بەعەلی خامەنەیی رابەڕیی ئاینی ئێران، ئەمانە ژمارەیان زیاتر لەبیست گروپەو دیاترینیان بریتین لەرێكخراوی “بەرد”و “عەسائیب ئەهلل حەق”و “كەتیبەكانی حیزبوڵا”و “سەرایا خوراسانی”و “نوجەبا”و “كەتیبەكانی ئیمام عەلی”، ئەم دەستەیە بەهێزترینو پڕچەكتریننو رێز لەبڕیارەكانی حكومەت ناگرنو زۆرجار رەخنەشی لێدەگرن.
هەموو ئەم گروپانە لەلایەن “گاردی شۆڕشی ئێران”ەوە رێبەرایەتی دەكرێنو خودی قاسم سولەیمانی سەرپەرشتیاری پرۆسە مەیدانییەیان دەكات بەهاوكاری فەرماندە عێراقییەكانی نزیك لەئێران، وەك هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی “بەدر”و قەیس خزعەلی سەرۆكی “عەسائیب ئەهلل حەق”و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆكی “كەتیبەكانی حیزبوڵا”، ئەم گروپانە پێیان وایە عێراقو سوریا یەك گۆڕەپانی جەنگن.
بەشی دووەم ئەو گروپە شیعانەن كە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لەعێراق دایمەزراندونو هەر خۆیشی بودجەكەیان دابین دەكات، دیارترینیان بریتین لە”لیوا عەلی ئەكبەر”و “سەرایا عەتەبە موقەدەسە”و “سەرایا عەتەبە عەلەویە”و “سەرایا عەتەبە حوسەینیە”.
ئەم گروپانە ئامانجی سیاسییان نییەو چەكدارەكانیان خستووەتە ژێر فەرمانی حكومەتەوە، ئەركیان یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكانە لەشەڕی داعشداو پاراستنی ئەو شارانەی كە ئازاد دەكرێن، بەڵام ژمارەیان كەمەو چەكیشیان زۆر پێ نییە، هەروەها ئامادە نین بەشداری ئەو شەڕە كاولكارییە بكەن كەهێزەكاتی تری حەشدی شەعبی بەرێوەی دەبەن .
بەشی سێهەم ئەو گروپانەن كە سەر بەحیزبە شیعە كلاسیكییەكانن، دیارترینیان “سەرایا جیهاو بینا”و “سەرایا عاشور”و “سەرایا ئەنسەر عەقیدە”ی سەر بەئەنجومەنی باڵا، هەروەها “سەرایا سەلام”ی سەر بەرەوتی سەدرو “كەتائیب جند ئیمام”و “كەتائیب غەزەب”ی سەر بەحیزبی دەعوەو “لیوا شەباب رسالی” سەر بەحیزبی فەزیلە.
ئەم سێ بەشە لەگروپە چەكدارە شیعەكان لەنێو خۆیاندا كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسیو سەربازیو ئابوریو عەقیدەی، حكومەتیش ناتوانێت لەژێر یەك سایەدا كۆیان بكاتەوە، كێشەی سەرەكیش پەیوەستە بەباڵادەستی ئێران بەسەر بەشێك لەم گروپانەوە.
لەوەتەی حەشدی شەعبی دروست بووە ئێران هەوڵی ئەوە دەدات ئەم هێزانە لەدەرەوەی حكومەت بمێننەوەو هەموو پێشنیارێكی بۆ رێكخستنیان رەت كردووەتەوە، لەبەرامبەردا سیستانی داوا دەكات پاش شەڕی داعش ئەم گروپانە هەڵبوەشێنەوەو چەكدارەكانیان بچنە ناو هێزە ئەمنییەكانەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران بە نیازە دوای كۆتایهێنانی داعش لە خاكی عێراق دەزگایەكی ئەمنی و ئیستخباراتی لە عێراق دروست بكات هاوشێوەی ( گاردی شۆڕشی ئێران ) تائێستا زۆربەی گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی پابەندن بە عەلی خامنەییەوە نەك سیستانی ، سیستانی لە بری ناوی حەشدی شەعبی ناوێكی تری بڕیوە بە باڵایاندا و پێیان دەلێت : خۆبەخشەكانی شەڕی داعش .
سەرچاوە داراییەكانی حەشدی شەعبی
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سنووری ١١٤ هەزار چەكداركەبەسەر ٧٩ بەرەی سەربازیدا دابەشكراون ، بەپێی دوایین خەمڵاندنەكانی بەغدا كەلەلایەن فەرمانگە حكومی و سیاسیە جیاوازەكانەوە بڵاو كراوەتەوە (١٠) پێكهاتەی سەرباز لەپلە یەكەمەكانی دەستەی حەشدی شەعبین، ئەوانیش بریتین لە( حیزبوڵلا، خۆراسانی، ئەبو فەزل عەباس، بەدر، عەسائیب، سەرایا سەلام، ئیمام عەلی، بودەلا، نوجەباو سەیدو شوهەدا) .
یەكێك لەو سەرچاوە داراییەكانی حەشدی شەعبی ئێرانە، كەئەویش بەپێی پێكهاتەو نزیكی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دیاریی دەكرێت،ئێران لەرێگەی نووسینگەی سولەیمانی، شایستەی مانگانەو ناجێگیر بۆ هەر یەك لەو پێكهاتە سەربازییانەی حەشدی شەعبی دابین دەكات .
یەكێكی تریش لەسەرچاوەكانی دارایی حەشدی شەعبی مەرجەعە ئایینیەكانە كە لەرێگەی زەكاتی دوو لەسەر پێنجی ئەو پارانەی دەگاتە مەرقەدە ئایینیەكان پاڵپشتی چەكدارانی حەشدی شەعبی دەكرێت ،ئەمساڵ لە یادی عاشورا پاراستنی مەرقەدەكان و یادەكە بە هێزەكانی حەشدی شەعبی سپێردرا .
ئێستا دەسەڵاتێكی سیاسی لە عێراق لەسەر بنچینە و قۆرغی مەزهەبی شیعەگەری دامەزراوە ، هەرئەو دەسەڵاتە سیاسییەی كە حوكمرانیەتی عێراق دەكات ڕێگا خۆش دەكات پێكهاتەكانی عێراق بەرەو لێكترازان و هیچ شانسێك لەبەردەم پێكەوە بوون و یەكیەتی پێكهاتەكان ناهێڵێتەوە تا بەیەكەوە بمێننەوە ،لەگەڵ وەدەرنانی داعش لە شارەكانی عێراق، چیتر داعش وەك ئەولەویەتێك نامێنی تا پەردەیەك بەسەر مەترسی گەورەتر و درێژخایەنتردا بكێشێ. حەشدی شەعبی مەترسێكی گەورەیە هەم وەك سەرچاوەی تێرۆری ئاینی و هەم وەك هێزێك كە لە سبەی ڕۆژی عێراقدا لوولەی چەك و تفەنگەكانی ڕوو لە كوردو هەموو پێكهاتەكانی دەرەوەی كەوانەی شیعی دەكات.