یەكێتی ئەوروپا: تا پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا ئاسایی نەبێتەوە هاوكاریەكانمان زیاد ناكەین بۆ عێراق
دوای ئەوەی هەریەكە لە وڵاتانی فەرەنساو ئەمریكا و توركیا بە غدایان ئاگادار كردەوە لە دەست پێكردنەوەی قۆناغی گفتوگۆ لە نێوان هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا, ئێوارەی ئەمڕۆ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند ئامادەن لە قۆناخی داهاتوودا هاوكارییەكانیان بۆ عێراق زیاد بكەن، بەڵام دەبێ لەوە دڵنیا بنەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بێتەوە.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە برۆكسل ئەنجام درا، كە تیشكیان خستبووە سەر كاریگەری و بەردەوامی و بەھێزی مانەوەی ئەورووپا لە عێراق و هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە دوای كۆبوونەوەكەدا، فێدریكا مۆگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بۆ قۆناخی داهاتوو ستراتیژێكی نوێ لە عێراق لە مانگی یەكی ساڵی داهاتووەوە ئامادە دەكەن.
مۆگرینی گوتی “لە عێراق پێشكەوتنی گەورە لە دژی تیرۆریستانی داعش هاتووەتەدی، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە كە ئێستە كاتی ئەوە بێت عێراق لەبیر بكەین، بەڵكو بە پێچەوانەوە هاوكارییەكانمان بۆ عێراق زیاتر دەكەین، بەتایبەتیش دەمانەوێ دڵنیا بینەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی و هەماهەنگی لە نێوانیان دروست دەبێتەوە”.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دووپاتی كردەوە كە نابێ عێراق بگەڕێتەوە سەر ئەو هەڵانەی پێشتر ئەنجامی داون.