بانگەوازێك لە لێژنەی ماددەی 140 بۆ شەش حزبی كوردستان

دوای ئەوەی ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون. لێژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق بانگەوازێك ئاراستەی شەش حزبی كوردستانی دەكات.

لە بانگەوازەكەدا، كە واژۆی كاكە رەش سدیق، لێپرسراوی نووسینگەی كەركووكی لێژنەكەی لەسەرە، داوا لەو حزبە كوردستانییانە دەكات ”راوبۆچوونی حزبیی جیاواز وەلاوە بنێن“ و كێشە چەقبەستووەكانی كەركووك و ناوچەكانی دیكە چارەسەر بكەن.

لێژنەكە پێی وایە مانەوەی كەركووك بەو بارودۆخەی دوای داگیركردنی شارەكە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بارودۆخی كەركووك و ئەو ناوچانە ”رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو راپتر“ دەبات و لە بەرژەوەندیی كورد لە كەركووك نییە.

بانگەوازەكە ئاراستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، حزبی شیوعیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كراوە.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەر كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی نێو یەكێتی دایە“.

 

مادده 140

Back to top button