نوجێفی: عەبادی ناتوانێت رێگە لە خۆكاندیدیكردنی سەركردەكانی حەشدی شەعبی بگرێت

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەلبژاردنی گشتی لە عێراق, كە بە پێی دەستور نابێت هێزە چەكدارەكان بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن, بەڵام لە ئێستادا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چڕی كار بۆ بەشداری كردنی لە هەلژاردنی داهاتووی عێراق دەكات, سەركردەیەكی باڵای سونەش دەلێت: “حەیدەر عەبادی سەرۆككوەزیرانی عێراق ناتوانێت رێگە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی بگرێت بۆ ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا نەكەن”.

ئوسامە نوجێفی، جێگرەكانی سەرۆككۆماری عێراق لە دیدارێكی تەلەڤیزیۆنیدا گوتوویەتی: “هیچ كەسێكی سەربازی ناتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید بكات، ئەو حزبانەی دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هەمان ئەو ناوانەیان هەیە كە لەناو گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا هەیانە و هەمان ئەو سەركردانەن و بەشداریكردنیان نایاساییە و دەبێت ریگە لە بەشداریكردنیان بگیرێت”.
هەروەها گوتوویەتی: “بەڵام ئەگەر ئەو سەركردانە دەست لە پلە و پۆستە سەربازییەكانیان هەڵگرن و وەك كاندیدی سەربەخۆ و سەر بە پارتە سیاسییەكانی دیكە خۆیان كاندید بكەن، ئەوكاتە عەبادی ناتوانێت لە رووی یاساییەوە رێگەیان لێبگرێت، هەر چەندە پەیوەندییان لەگەڵ حزبەكانیان بە شێوەیەك لە شێوەكانیش بمێنێتەوە”.
بەڵام بە بڕوای ئوسامە نوجێفی، كێشە ئەوەیە ئەو گرووپانە گرووپی عەقیدەیین و خۆبەخشی ئاسایی نین، ساڵانێكی زۆرە پەیوەستن بەو گرووپانەی ئێستاوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا هەژموونی خۆیان بەسەر هەندێك ناوچەدا بسەپێنن، ئەوكاتە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان دەبێت و دەیشێوێنن”.

Back to top button