ئێران بڕیاری كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات

 

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڕیاری كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و، دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەردەكات.

مورتەزا سەفاری نەتەنزی، پەرلەمانتار و بەرپرسی لیژنەی دیپلۆماسی لە كۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە میدیا نێوخۆییەكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە: “ئێران دەبێ پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیندووبكاتەوە و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش بڕیاری لەسەر ئەو بابەتە داوە”.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، وڵاتەكەی لە 10 ساڵی رابردوودا پێگەیەكی بەهێزی ئابووری هەبووە و دەبێ ئەو پێگەیەی بپارێزێت. لەبارەی نەكرانەوەی دەروازە سنوورییەكان راشیگەیاندووە، بڕیاری كردنەوەیان دراوە، بەڵام دواكەوتنی جێبەجێكردنی بە هۆكاری تەكنیكییە و كۆی دەسەڵات لە ئێران لەگەڵ كردنەوەی سنوورەكانە.

وەك كاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی، رۆژی 15-10-2017 ئێران هەرسێ دەروازە فەرمییەكەی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران)ی داخستن. هەرچەندە دوای 10 رۆژ دەروازەی باشماخی كردەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دەروازەكانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان نەكراونەتەوە.

بۆ بازرگانیكردن ‌و هاتووچۆی خەڵك، ئێران ‌و هەرێمی كوردستان سێ دەروازەی سنووری هاوبەشی فەرمییان هەیە، لەوانە دەروازەكانی پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران، هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن ‌و تەوێڵەش دەروازەی سنووریی نافەرمین و تەنیا بۆ كۆڵبەری كەڵكیان لێ وەردەگیرێت.

Back to top button