کەرکووک و قودس و نەوت

عەلی عەونی
کەرکووک و نیوەی کوردستان لە لایەن حکومەتی تائیفی عێراقەوە داگیرکرا، بەداخەوە شەقامی کوردستان لە نێوان دژبەرانی داگیرکرانی ناوچە کوردستانییەکان و ئەوانەی ڕازی یا بێدەنگن دابەشبوون.
نەوتی کوردستان و شاری کەرکووک کە لە لایەن کوردستانەوە دەفرۆشرا، ڕۆژ تا ئێوارە بەیاننامە و میتینگ و مانگرتنی لە دژ دەکرا. ڕۆژانە دەیان شرۆڤە و بەدواداچوون لەسەر ناشەفافی نەوت بە ڕادان دەدرا.
ئێستا کە نەوتی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دەستی بەسەر داگیراوە و ڕۆژانەش حکومەتی عێراق هەڕەشە لە کوردستانیان دەکات، ئەو لایەنانەی مانیان دەگرت و خۆپێشاندانیان لە دژی حکومەتی کوردستان دەکرد، نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو بە برسێتیش مەمنوونن ئەو نەوتە بۆ عەرەبە چاو ڕەشەکان بێت. بە لەدەست چوونی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان مانگران و میتینگ گێڕان نەک ناڕازی نەبوون، بەڵکو خۆشحاڵیش بوون کە عەرەب کەرکووک و دوزخورماتووی داگیر کردووە، مادام پرۆژەی سەربەخۆیی بارزانی سەری نەگرت، کەچی لەسەر سووتانی مقەڕێک لە زاخۆ گەڕانەوە هەمان بەزمی حەڤدەی شوبات.
سەیر و سەمەرەی مەزن لەوەدایە کە لایەنە سیاسییەکان و کوردستانیان بۆ قودس شین و واوەیلایانە. لە شاری دیاربەکر دەیان هەزار کورد بە زمانی تورکی لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆپێشاندانیان کرد، گەوجێتی مەزن لەوەدایە خۆی نیشتیمانت داگیرکراو بێت لە لایەن تورک و فارس و عەرەبەوە و خۆت لە جیاتی تێبکۆشیت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، خۆپێشاندان بکەیت لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا. نەماندیت ئەو کەسانەی بۆ قودس دەگرین، بۆ کەرکووک و دیاربەکر و کرماشان و قامیشلۆ بگرین. ئاخر کەس نییە بپرسێت ئەگەر قودس بۆ عەرەب بێت یان بۆ جووەکان چی لە حاڵی کوردستان دەگۆڕێت. کەس نییە بپرسێت ئایا ئەنفال و کۆمەڵکوژی گەرمیان و فەیلی و بارزانییەکان و دێرسم و گەلیی زیلان و قارنا و ئیندرقاش، جوو و مەسیحی کردوویانە یا هەر موسڵمانەکان.!
ئایا ئێمە کەچەڵی خۆمان دەرمان کردووە تا بچین خەمی ئەو فەلەستینیانە بخۆین کە حکومەتەکەیان پێش عێراق لە دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕاوەستا و خۆشیان بوونە جاشی سەدام و بەشداری ئەنفالیان کرد؟! گەلی کوردستان گەلێکی دڵساف و نییەت پاکە، هیچ میللەتێک لەسەر ئەو ستەمەی لە کوردستانیان دەکرێت نە بەیاننامە و نە ناڕازیبوون و نە هیچ هەڵوێستێکیان نەنواند، کەچی ئێمە لەسەر ڕوهینگا و لەسەر قودس و لەسەر مزگەوتی بابری و …تد مان دەگرین و تازیە بۆ جەوهەر دۆدایفی چیچانی دەگێڕن!!. ئێمە پێویستە ئەگەر لەسەر کێشە و ڕووداوەکانی دونیا یەک هەڵوێست نەبین، دەبێت لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و داگیرکرانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان یەک هەڵوێست بین، خێرە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بەیاننامە لە دژی بارودۆخی قودس دەدەبڕێت، بەڵام لە دژی ڕەوشی کەرکووک لە جیاتی مەحکوم کردنی حکومەتی عێراق دژی حکومەتی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات.
ئێمە کاتێک مافمان هەیە لەسەر ڕووداوە جیهانییەکان هەڵوێست دەرببڕین، کە هەموو خاکی خۆمان لە چنگی داگیرکەر ڕزگار کردبێت، جیاواز لەمە هەرچی بکەین دەچیتە خانەی خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان، ئەگەر ڕاستە با سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو هەموو چەک و جبەخانەیە بچێتە شەڕی ئیسرائیل، با ئەو هەموو میلیشیایەی هەیانە بچن بۆ دەرهێنانی قودس لە دەستی ئیسرائیل، ئێمە میللەتێکی سەیرین لەسەر ۆێک نەکردن پێکهاتووین، ئەوانەی نان و پیاز بە قودس و بە دینەوە دەخۆن و لەشکری دەیان و سەدان و هەزاریان هەیە با خەمی قودس بخۆن ئێمە خەمی گەورەترمان هەیە کە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە.
ھەقوایە ھەر کەسێک لە کوردستان شینی بۆ قودس گێڕا حکومەتی کوردستان خێرا بینێرێت بۆ فەلەستین و لە جیاتی تێکدانی میزاج و مێشکی کوردستانیان، با بچێت قودس رزگار بکات.
Back to top button