حاجی كاروان : هێرشەكەی كەركوك حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودس و سوپای پاسداران ئەنجامی داوە

 

“كەنعان نەجمەدین ئەحمەد ” ناسراو بە حاجی كاروان ، ئەندامی لیژنەی مادەی ١٤٠ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند ” ئەوەی ئێران بەرامبەر هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامی

دەدات پیلانگێڕی هەرێمییە ئەوەی هێرشی بۆ سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كردوە تەنها سوپای عیراق و حەشدی شەعبی نەبوو، بەڵكو سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان لەگەڵدا بوە و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكانی كردووە، ئامانجیش لێی پاكتاوكردنی نەتەوەی كورد و لە ناوبردنی مەزهەبی سوننەیە لە عیراق و هەروەها دیموگرافی تەواو ناوچەكە بگۆڕن و لەئێستاشدا دەستیان كردووە بە گۆڕینی دیموگرافی چەند ناوچەیەك لەبری ئەوەی هاووڵاتیانی كورد، توركمان و سوننە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، هاووڵاتیانی شیعەیان هێناوەتە ناوچەكە”.

هەروەها (حاجی كاروان ) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی راشیگەیاند “ئامرلی شارێكی توركماننشینە، لەگەڵ سلێمان بەگ كردویانە بەیەك شار و هاووڵاتیانی شیعە مەزهەبییان لێ نیشتەجێكردوە، هەوڵێكی زۆریش دەدرێت بۆئەوەی ناوچەكەیان بۆ سەقامگیر بكرێت، هەڕەشەش لە سوننەكان دەكەن نەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت “حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرت، زۆر پێشێلكاری ئەنجامدرا. ئەو ئامارانەی دەست لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە پەرلەمانی كوردستان كەوتون بریتین لە ئاوارەبوونی ١٠٠ بۆ ١٢٠ هەزار كەس لە كەركوك و تەواوی ناوچە جێ ناكۆكەكان، كوژرانی زیاتر لە ٢٠ كەس و زیاتر لە ٢٥ كەسیش بێسەرشوێنكراون، زیاتر لە ٢٥٠ خانوو تەقێندراونەتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ خانوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تاڵانكراون. لەپاڵ ئەمەشدا بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی سنورەكە زیانێكی گەورەی مادییان بەركەوت و سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە بۆ كاری رۆژانە بەكاردەهێنران، حەشدی شەعبی بردونی”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مادەی ١٤٠ی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت “ئێمە داوای لیژنەیەكی بێلایەن دەكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و نەتەوەیەكگرتووەكان، لیژنەیەك لە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پێكبێت پێكەوە هەموو تاوانەكان بە دۆكیومێنت بكەین”.

Back to top button