هۆكاری دواكەوتنی مووچە
یاد سرێشمەیی
دۆخی هەنووكەی كوردستان دەرهاویشتەی كۆمەلێك كێشەی كەلەكە بووی هەرێمن كە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی پشكدارن لە حكومەتی بنكە فراون بەشدار و برابەشی چاكەو خراپەكانی ئەمڕۆی كوردستانن, كە هیچ كام لە حزبە كوردستانیەكان ناتوانن خۆیی لێ ببوێرن, تەنانەت بەشێكی زیاتری تاوان دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی كە بەشداری حكومەتن و دەستباری حكومەت نین.
ئەگەر لە رابردووی پەیوەندیە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێم بڕوانین, دۆخێكی تەواو ناسروشتی خولقا بە جۆرێك كە دەیان كۆبوونەوەی دوو قۆلی و سێ قۆلی و پێنج قۆلی لە ژێر تایتلی سازانی نیشتمانی گرێ دران, كەچی هیچی لێ سەوز نەبوو, هەلبەت چاوەڕوانیش نەدەكرا هیچی لێ سەوز بێت, چونكە سیاسەتی چەند لایەنێك لەسەر بنەمای نەمانی لایەنی بەرامبەر هەڵچندراوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە هەمان نەفەس و ئەقلیەت لە مەدیانی سیاسی, جولە سیاسیەكانیان رێك دەخەن.
ناجۆری پەیوەندیەسیاسەكان و نەبوونی مەبدەئی دانو-ستان لە نێوان هێزە سیاسیەكان, كاریگەری دیارە بەسەر ئەدای حكومەت كە ناتوانێت وەك پێویست لە ئاست خواستی هاوڵاتیان بێت, ئەوا سیاسەتی ” لەگەڵ گورگ گۆشت خواردن و لەگەڵ مەڕ شین كردن” لەلایەن چەند لایەنێك پەیڕەو دەكرا, بەربەرستێكی گەورە و دیار بوو كە بە تەنیشت دابەزینی نرخی نەوت و هەوریش بوونی شەڕی چەند ساڵەی داعش لێكەوتەی گەورەیان خسستە سەر دۆخی حكومەت, كە هەنگاوەكانی ئەستەمتر بهاوێژێت بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان تا ئێرە پەیوەندیان بە پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەیە هەموو هێزەكان بەر رەخنەی هاونیشتیمانیانن.
بەڵام دوای خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر كە بەهۆیەوە نیوەی نەوتی هەرێم كەوتە ژێر دەستی میلیشاكانی حەشدو حكومەتی عێراق, حكومەتی هەرێم ئەستەمتر دەتوانێت دەروەستی خەرجی و موچەكان بێت, ئەگەر چی ناتوانین حكومەت بێ بەری بكەین, بەڵام هەموو ئەمانەی دەستیان هەبوو لە فرۆشتنی كەركووك و هاتنە پێشەوەی ئەو دۆخە تاوانی كەمی خزمەت گوزاری و موچە, لێرە بەدوا زیاتر وەئەستۆی ئەوان دەكەوێت, چونكە رووداوەكە راستەوخۆ كاریگەری بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە دەبێت لە داهاتوودا لە بەرامبەر بەرژەوەندیە تایبەتەكانی گرووپێكی دیاری كراو.
فرۆشتنی كەركووك لە پێناو بەرژەوەندی گرووپێكی دیاری كراو, بە ئامانجی دەست گرتن بەسەر مەلەفی ئەمنی و دارایی كەركووك, بە بێ گەڕانەوە و حسابكردن بۆ حكومەت و هاوڵاتیانی كوردستان كە چەند ساڵێكە لە دۆخێكی دارایی خراپ ژیان گوزەرپێدەدەن, باجی قورسی دەبێت ئەگەر چی لە ئێستادا تەنگەتاوی دەستی دۆستانیانن كە داوایی بونێكی لاوازیان دەكەن لەكەركووك, بەڵام رۆژێك دێت دەبێت تەنگەتاوی دەستی هاوڵاتیانی خۆیان بن ئیتر هێندەیان پێدەمێنێت بلێن” خۆمان بە خۆمانمان كرد… بەردبارانمان كەن” . چونكە هەمیشە چارەنوسی خیانەتكار ئەوەبووە.