حكومەت موچەی پلەدارەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان كەمدەكاتەوە
بەهۆی كەمبونەوەی داهاتی حكومەتی هەرێم، لەساڵی داهاتوودا دەستكاری موچەی بەشێك لەو موچەخۆرانە دەكرێت، كە پێشتر سیستەمی پاشەكەوتی موچە نەیگرتونەتەوەو پێداچونەوەش بەموچەی خانەنشینانی نایاساییدا دەكرێت.
كەناڵی رووداو لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بڵاویكردۆتەوە داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٦٧٠ ملیار دینارەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار كەمی كردووە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی نوێی بۆ دابەشكردنی موچە لە ساڵی نوێ داناوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی ئەو پلانە نوێیە دەستكاری موچەی بەشێك لەو موچەخۆرانە دەكرێت، كە پێشتر سیستەمی پاشەكەوتی موچە نەیگرتونەتەوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە كەناڵی ڕوداوی ڕاگەیاندووە ”موچەی پێشمەرگە كەم ناكرێتەوە، بەڵام موچەی پلەدارەكانی پێشمەرگە بەڕێژی ٣٣% كەم دەكات و، هێزە ئەمنییەكانی دیكەش موچەكانیان بە رێژەیەك كەم دەكرێتەوە”.
سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو؛ پێداچونەوە بە موچەی خانەنشینانی نایاسایی یەكێكی دیكە دەبێت لە كارەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
وتوشیەتی”لەماوەكانی داهاتوودا حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە روونكردنەوەی پێویست بڵاودەكاتەوە، ئەو گۆڕانكارییانەش بەناچاری دەكرێن، چونكە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل كەمی كردوە، لەكاتێكدا پێشتر مانگانە نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرا”.