سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە دژەتیرۆری ھەرێمی كوردستان دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 13ی 12ی 2017 سەرۆك مەسعود بارزانی بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی ھێزەكانی دژەتیرۆر، سەردانی دژەتیرۆری ھەرێمی كوردستانی كرد. لەو بەسەركردنەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوون و شەونخونیی ھێزەكانی دژەتیرۆر كرد لە پارێزگاریكردن لە كوردستان و ھەروەھا پێزانینیشی ھەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە ھێزەكانی دژەتیرۆر شانبەشانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا سەربەرزانە گێڕاویانە و شەھید و قوربانیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كردووە.
لەو دیدارەدا فەرماندە و ئەفسەرانی ھێزی دژەتیرۆری كوردستان ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ بەرگریكردن و پاراستنی كوردستان ڕاگەیاند و بەڵێنی وەفادارییان بۆ خوێنی شەھیدان و خەبات لە ڕێگەی ئازادی و سەرفیرازیی گەلی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات كردەوە.
ھەر لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كرد و دوا پێشھات و گۆڕانكارییەكانی شی كردەوە.