نامەكەی هێرۆ لەلایان عەبادیەوە فرێدراوەتە ناو تەنكەی خۆڵەوە

خواكوڕك
ئەندام پەرلەمانێكی عێراقی لەسەر نامەكەی هێرۆ ئیبراهی ئەحمەد بۆ عەبادی دەلێت نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نایاساییە، عەبادی مامەڵە لەگەڵ ئەو نامەیە ناكات، ئەو هەرەشەیەش بە هەرەشە حیساب دەبێت بەسەر دەوڵەتی عێراق.
موحسین سەعدوون، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری باسی ڕاگەیاند:ئەو نامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ حەیدەر عەبادی، تەواو نایاساییە، چونکە بابەتی نەوت ڕێککەوتنێکە لە نێوان دوو دامەزراوەی حکوومیی هەڵبژێردراوی شەرعیەتی خەڵک، ناکرێت حزب بە ویستی ئیرادەی حزبیی خۆی بڕیار لەسەر بابەتێکی وا هەستیار بدات کە پەیوەندی بە قووتی خەڵکەوە هەیە”.
 
ڕوونیشی کردەوە: “پرسیاری زۆر قورس دێتە بەردەم یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە کاتێکدا خۆیان بەشدارن لە حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت هی ئەوانە، دووەم حکوومەت پابەندە بە ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا، ئەمان وەک یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکە، نامە بنێرن بۆ بەغدا و بڵێن سیاسەتی نەوتیی کوردستان ناڕوونە، دەی ئەو کاتە تۆ بیانووی ناڕوونی نەوت دەدەیت بە دەست بەغداوە و لەسەر خۆتی دەکەیتە ماڵ، ئەمە لە بەرژەوەندیی کێیە؟”.
دووپاتیشی کردەوە: “بەهەموو پێوەرێک ئەم نامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نایاساییە و باوەڕ ناکەم عەبادی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لە ڕووی یاساییەوە مامەڵە لەگەڵ شتی نایاساییدا بکات”.
 
هەر لەسەر ئەو پرسە ئەندام پەرلەمانێكی لە بەغدا كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتی ئەم نامەیە تەواو نایاساییە و بەڵكو پێشەڵكردنی یاساشە، ئەگەر ورد سەیری بكەین هەرەشەشە لە دەوڵەتی عێراق، ئەمەش وا لە عەبادی دەكات ئەو نامەیە فرێداتە تەنەكەی خۆڵەوە چونكە ئەگەر حكومەتی عێراق بەو هەرەشەیەی ئەندامی مەكتەبی سیاسیەك بوەستێت لە كار و بارەكانی دەوڵەتی عێراق و حكومەتی عێراق، ئەوە تەواوی ئەو دەوڵەتە دەخاتە ژێر پرسیار و لاوازی ئەو حكومەتە دەردەكەوێت، بۆیە ئەگەر نەدرێتە دادگای فیدرالی بۆ لێپێچنەوەیە، ئەوە دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت.
Back to top button