وەڵامێک بۆ هەرزەکارەکەی شێخ جەنگی!

کاروان محەمەد سابیر

دوێنێ لە دەڤەری راپەڕین، لاهور جەنگی لە بارێکی شڵەژاوی سایکۆلۆژیدا، وەک عادەتی پێگرتووە، کاڵفامانە هەندێک دەستەواژەی لە ئاستی نزمی خۆی دەربڕی، ئەو هەرزەسیاسیە، لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری خیانەتی فرۆشتنی کەرکوکەوە، جێ بە خۆی ناگرێت، بە جۆرێک شەرمەزاری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، شارۆچکە بە شارۆچکە دەگەڕێت، تا رووی رەشی خۆی سپی بکاتەوە و پاکانە بۆ ئەو خیانەتەی بکات.
بە چینێک ئارەقی شەرمەزارییەوە، لە پێش خانەوادەی شەهیدان، چەواشەکارانە قسەیکرد، پاساوی دەهێنایەوە، دواتریش وەک سوکایەتی کردن بە خوێنی ئەو شەهیدانە و کەسوکاریان، لە پارەی فرۆشتنی کەرکوک، تەنها هەر خانەوادەیەک ١٠٠$ سەد دۆلاری ئەمریکی پێدان!
لاهور رووی کردبووە کەسوکاری شەهیدان و دەیگووت: من لەگەڵ رۆڵەکانتان لە کەرکوک بووم، لە شەڕی دژ بە داعش و بە چاوی خۆم شەهیدبونیانم بینیووە. وەڵامی ئەو قسە بۆ پێشمەرگە یەکێتیەکان جێدەهێڵین، کە لاهور لەکام جەبهەی ئەمامی بووە، لە کام شەڕ بەشداری فیعلی بووە؟ هەرچەندە ڤیدیۆی پێشمەرگەکانی سۆسیالیستی کاکە حەمە ماوە، کە چۆن لە پێش هێزەکەی لاهورەوە سەنگەرەکانی داعشیان پاک دەکردەوە، لاهوریش بە دووربین سەیری شەڕەکانی دەکرد!
لەوەش دەگەڕێین و بۆ خەڵکی جێدەهێڵین، بەڵام چۆن وەڵامی قسەیەکی براکەی خۆی “ئاراس” دەداتەوە کە لە رۆژی داگیرکردنی کەرکوکدا، لە گەڕەکی عەرەفە و لە ماڵەکەی مام جەلالەوە، لە ژێر دەسەڵاتی حشدی شعبیەوە، لەبارەی شەڕی پێشمەرگەوە دەڵێت: ئێمە چیمانکردووە؟ تەیارە ئەهات لە داعشەکانی ئەدا و پێشمەرگەش وێنەی سێلفی لەگەڵ جەنازەکانیان ئەگرت!”
لاهور، بێ ئاگا لە مێژوو و روداوە سیاسیەکان، باسی ٤٢ ساڵ پێش ئێستای کرد، گووتی: سەرکردەکانی پارتی کوردستانیان فرۆشت بە رژێمی عێراق. لە خۆی نەپرسی کە ئەگەر ئەو راستدەکات، بۆچی پارتیەکان وەک ئێوە پاداشتی فرۆشتنەکەیان وەرنەگرت و نەچوونەوە لای رژێم؟ ئەی دوای ئەوە کێ و کام لایەن بوو چووە بەکرەجۆ و سەنگەری دژی کوردایەتی هەڵبژارد؟
ئەوە چ روویەکی قایمە، لە خۆی ناپرسێت، کە کێبوون ئەوانەی وڵاتیان جێهێشت و لە بەریتانیا رەگەزنامەیان وەرگرت؟ ئێستاش گەڕەک و شوێنی بازرگانیان بە پارەی خەڵکی ئەم وڵاتە لەوێ کڕیووە!
لاهور بێ ئابرووانە، لە پێشچاوی کەسوکاری شەهیدان دەڵێت: راگەیاندنی پارتی تۆمەتی خیانەتیان داوەتە پاڵم! ئەو کە ئێستا جگە لە تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هاوسەنگی عەقڵی و دەرونیشی لەدەستداوە، لەبیریچووە کە بەڕێز کۆسرەت رەسوڵ بە “دەستکێشی دوژمن” و مەلابەختیار بە “هەرزە و کاڵفام” و د.نەجمەدین کەریم بە “خیانەتکار” و شێخ جەعفەر و فەرماندە و پێشمەرگە و کادیرانی یەکێتی بە “خاکفرۆش” ناوی ئەو گروپەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان هێنا، کە لاهور ئەندازیاری کارای خیانەتەکەیە، تۆ بڵێی تێکۆشەرانی یەکێتی بوختانت پێ بکەن؟ تۆ بڵێی بافێڵی ئامۆزات راست نەکات، کە ئیمزا و یاداشتی سەرکردەکانی یەکێتی بەرزکردوە بۆ چاوی کامیراکان؟ تۆ بڵێی خەڵکی دوز و کەرکوک لە خۆڕا تۆمەتت بۆ دروست بکەن؟
ئەی ئەو هەموو سوپاسگوزاریەی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بۆ تۆ لە پای چی بووە؟ تۆ بڵێی ئەو دۆستانەشت بە سوپاسکردنت، ویستبێتیان بە غەدر بتکەنە خیانەتکار؟
ئەی دوایین لێدوانت کە کەناڵی (افاق)ـی نوری مالکی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێی “حشدی شعبی رێکەوتنەکەیان پێشێلکرد، کە بڕیار بوو ئێمە لە کەرکوک بمێنینەوە!”
لاهور دەڵێت: ئێمە بەرگریمان کرد، کام بەرگری و چۆن؟ ئەی تۆ و براکەت و خزمەکانت نەبوون، لە ١٦٦ی ئۆکتۆبەر، لە میدیاکانەوە بە هەناسەبڕکێوە دەتانگووت “ئێمە بەرگری لە نەوتی دزراو ناکەین” ئەگەر لەبیرتچووە و تووشی “فوقدان زاکیرە” بووی، ئەوا ئێمە هەموویمان بۆ تۆمار کردووی!
تۆ نەک بەرگریت نەکرد، بەڵکوو دووجار خیانەتت کرد، جارێک لە کوردستان و خەڵکی کەرکوک، دووهەمین لە پێشمەرگەکانی یەکێتی، کە بە کوشتتدان و پێت نەگوتبوون کەرکوکمان فرۆشتووە!
ئەوە چ لۆژیکێکە، تۆ بەرگریت کردبێت و دواتریش ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک، چاوساغی میلیشیاکان بیت؟ ئەوە چ لۆژیکێکە تۆ بەرگریت کردبێت و “ئاراس پلایس”ی برات لەگەڵ “حسن پلایس” پێکەوە لە ناو کەرکوک بن و براکەت بڵێت “کەرکوک ئارامە و بەیانی دەچمە شۆریجە و دوو دەست دۆمینە دەکەم”!
لاهور، دوای خیانەتی ١٦٦ی ئۆکتۆبەر، لەنێو یەکێتی وەک گەورە خائین دەناسرێت و نفوزی جەماوەری و تەنزیمی لەدەستداوە، ئەوەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ژیانی سیاسی ناوبراو، کە دەترسێت لە کۆنگرەی یەکێتی، یەکێتیەکان تۆڵەی ئەو خیانەتەی لێبکەنەوە، بۆیە لێرەوە و لەوێ هەوڵی سپیکردنەوەی رووی خۆی دەدا. ئەگەر پیش ١٦ی ئۆکتۆبەر، لاهور لە ژووری تاریک ئیمزای خیانەتی فرۆشتنی (کەرکوک، دووز و خانقین)ـی کردبێت، ئەوا بە رۆژی رووناک و بە کامیرای ئێچ دی، خیانەتەکەی تۆمار کراوە.
ئەگەر دادگا و حزبەکەی سزای نەدا، مێژوو و ویژدانی (کوڕ شەهید کراو، جەرگ سوتاو، خەڵکی ئاوارە، ماڵ سوتاو، ماڵ و دوکان تاڵانکراو، ژن ئەتک کراو و ..هتد) سزای دەدەن، ئەم پەلەقاژەیەیشی ئێستا دەیکا، نە مێژووی بۆ راست دەکاتەوە، نە سەری بەرزدەکاتەوە، چوونکە هەمیشە مێژوو و ئایندە، بۆ تێکۆشەران بووە، نەک خیانەتکاران!

Back to top button