بەڕێز عەبادی کێ براوەیە؟

ئه‌رده‌ڵان هه‌ڵه‌بجه‌یی
سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە میانەی وتارێکیدا بەوپەڕی غرورەوە ئاماژەیدا بە کۆتایی هاتنی داعش لە وڵاتەکەی و مژدەی سەرکەوتنی دایە عێراقیەکان،لێ لە ڕاستیدا گەر کەمێ لە زیانە مرۆیی و مادیەکانی ئەو جەنگە بڕوانین،دەبوو عەبادی لە بری سەرکەوتن سەرەخۆشی لە عێراقیەکان بکردایە،چونکە داتاو ژمارەکان پێچەوانەی وتەکانی عەبادین و پێمان دەڵێن عێراقەکەی عەبادی دۆڕاوە نەک براوە،لێرەدا هەوڵ دەدەم بە داتاو زانیاری هەندێک سەرنجی خوێنەر ڕابکێشم
 
 
 
ـ لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە لە ماوە یەک ساڵدا ۲۰۱٤ـ۲۰۱٥ نزیکەی هەژدە هەزارو هەشت سەدوو دوو هاوڵاتی کوژراون و زیاتر لە سی و حەوت هەزار هاوڵاتی دیکە بریندار بوون پێش دەست پێکی جەنگی موسڵ،هاوکات سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار هاونیشتمانی ئاوارە بوون،وە لە ساڵی ۲۰۱٦ دا شەش هەزارو هەشت سەدو هەفتاو هەشت هاوڵاتی سڤیل کوژراون.
 
 
 
ـ پێگەی IRAQ BODY COUNT ئاماری قوربانیانی ساڵانی ۲۰۱٤ و ۱٥و ۱٦ی بەم جۆرە دیاری کردووە
لە ساڵی ۲۰۱٤ نزیکەی دوو هەزارو هەژدە هاوڵاتی سڤییل کوژراون و لە ساڵی ۲۰۱٥ دا حەڤدە هەزارو پێنج سەدوو هەشت هاوڵاتی و لە ساڵی ۲۰۱٦ دا شانزە هەزارو سێ سەدوو نەوەدو سێ هاوڵاتی لە ئاکامی جەنگی دژە داعش کوژراون.
 
 
 
ـ ڕۆژنامەی ئێندیپێندنتی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەشتن بە دەزگا هەواڵگیریە کوردیەکان بڵاوی کردۆتەوە تەنها لە ساڵی ۲۰۱٦ دا چل هەزار هاوڵاتی سڤیل لە عێراق بە هۆی جەنگەوە کوژراون،هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە تا نیسانی ۲۰۱۷ هەشت هەزار لە هێزە عێراقیەکان لە میانەی جەنگ دژی داعش کوژراون و لە هێزەکانی حەشدیش وەک ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی حەشد ڕایگەیاندووە شەش هەزار کوژراو حەڤدە هەزار چەکدار بریندار بوون.
 
 
 
ـ خودی حەیدەر عەبادی لە میانەی دیداری لەگەڵ میدیا عێراقیەکان ڕایگەیاندووە کە عێڕاق بەهۆی جەنگەوە بە بڕی سەد ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە،ئەوە جگە لە ناچار بوونی عێراق بۆ کڕینی چەک بە بەهای سێ سەد ملیار دۆلار و لە بڕەش نزیکەی یەک ملیار دۆلار پێداویستی جەنگ کەوتنە دەستی داعش،بە جۆرێک تەنها لە موسڵ نزیکەی دووهەزارو سێسەد ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری هامڤی کەوتنە دەست داعش.
 
 
جگە لەم ژمارانە چەندین پارێزگای وەک موسڵ و تکریت و ئەنبارو دیالەو فەلوجە وێران بون و پێویستیان بە دەیان ملیار دۆلارە.
دواجارجگە لە تەسلیم کردنی عێڕاق بە ئێران و لەدەستدانی سەروەری وڵات، گەر عەبادی بەو هەموو زیانە گیانی و مادیەوە پێی وابێت لەو شەڕەدا سەرکەوتووە،داخۆ دەبێت بە دیدی عەبادی شکست مانای چی بێت؟
Back to top button