باڵیۆزی چیك بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌یی هاوكاریكردنتانین
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (یان ڤیتشال) باڵیۆزی وڵاتی چیك له عیراق و خاتوو (ئیڤا درداكۆڤا) كونسووڵی چیك له هه‌رێمی كوردستان كرد و شاندی میوان ئاماده‌ییی وڵاته‌كەیان بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا نیشان دا.”
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ١٤/١٢/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (یان ڤیتشال) باڵیۆزی وڵاتی چیك له عیراق و خاتوو (ئیڤا درداكۆڤا) كونسووڵی چیك له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكدا (ڤیتشال) مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ڕوو كه بۆ ئه‌وه‌یه له نزیكه‌وه ئاگادارى دۆخی هه‌رێمی كوردستان و میكانیزمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخ و قه‌یرانه‌كانى ئێستا ببێت، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان بكات.
پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له عیراق و هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانیان به ڕێگه‌ی ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كان و به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا‌كانی حكوومه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ڕوو، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا نیشان دا.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه‌كانی چیكى بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان كرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه وێڕاى كه‌مبوونه‌وه‌ى گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستووری عیراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت.
پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆده‌نگیی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كان، چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه ئابووری و سیاسییه‌كان، پلانی حكوومه‌ت بۆ چاكسازی له هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان، خسته ڕوو. به پێویستیشى زانى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی زیاتر ببینێت له هاوكاریكردنی ئاواره و په‌نابه‌ران و پشتگیریكردنی ژێرخانی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا.