بێگەرد تاڵەبانی هێرشێكی توند دەكاتە سەر مەحمود سەنگاوی
“بێگەرد تاڵەبانی” سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە پشكی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر “مەحمود سەنگاوی” و پێی وایە هێرشەكانی سەنگاوی بۆ سەر “قوباد تاڵەبانی “تەنها بۆ گەورە كردنی خۆی و ڕەوتەكەی “بەرهەم ساڵح” بووە .
لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ” بێگەرد تاڵەبانی” ڕەخنەی توندی لە “مەحمود سەنگاوی” دە گرێت و ڕایگەیاند” كە ئەویش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆكە لەسەر ئەوەی سەركردەی وا هەیە لە ناو یەكێتی خۆی لە هەموان گەندەڵترەو باسی گەندەڵی دەكات” .
تاڵەبانی ڕاشیگەیاند “كاك مەحمود دەڵێت من لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەماوم ،كەچی ڕۆژانە بە ناوی یەكێتییەوە لە ناو مەڵبەندەكان كۆبوونەوە دەكات و هێرش دەكاتە سەر كاك قوباد و بێ ئەوەی بێت لە ناو حزبەكەی ئەو ڕەخنانە بگرێت “.
بە پێی قسەی بێگەرد تاڵەبانی قسەكانی مەحمود سەنگاوی تەنها بۆ گەورە كردنی خۆی و ڕەوتەكەی بەرهەم ساڵحە و دەیانەوێت جەماوەری یەكێتی چەواشە بكەن.
بێگەرد تاڵەبانی گووتیشی ” كە كاك قوباد زیاتر لە هەموان ویستی هەیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و هەولیشی بۆ داوەو جارێكیش نێچیرڤان بارزانی وتویەتی كە قوباد تاڵەبانی تەنها بەرپرسی یەكێتی بووە لە ناو حكومەت تا ئێستا هیچی بۆ خۆی نەویستبێت” .