قەیس خزعەلی: سعوودیە دوژمنی سێیەمی عێراقە
دوای بەرەو پێشوو چوونی پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتی سعودیەو عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە ئێستادا بە هۆی بوونی دەسەڵاتی ئێران لە نێو بەرێوەبردن و سوپا ومیلیشاكانی عێراق, پەیوەندیەكانی عێراق و سعودیە بەرەو گرژی دەچێت, بەرپرسێكی حەشدی شەعبیش دەلێت:” سعوودیە دوژمنی سێیەمی عێراقە”.
قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتی میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق ئەمڕۆ رایگەیاند، عێراقییەكان دۆستی راستەقینەی خۆیان دەناسن كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هاوكاریكردن.
خزعەلی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هادی عامری لە كەربەلا رایگەیاند، كاتێك داعش لە هەموو لایەكەوە هێرشی دەكردینە سەر، دەیانەویست كۆتایی بە بوونی ئێمە بهێنن و “شەرەف و كەرامەتمان بدزن” و تیرۆر گەیشتە دەوروبەری بەغدا و یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیركرد.
روونیشی كردەوە، دوای ئەوەی عێراق بەسەر داعش و تیرۆریستاندا سەركەوت، ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان پیرۆزباییمان لێدەكەن، پێویستە ئاگادار بین و فریو نەخۆین، پێویستە بزانین كێ دۆستە و كێ دوژمن، دۆست ئەوەیە كە پاڵپشتی كردین، روونیشە ئەو دۆستە كێیە.
خزعەلی ئاماژەی بەوەش كرد، سعوودیە عێراقییەكانی كوشتووە و دوای سەركەوتنی عێراق، بۆی دەركەوت پرۆژەكەیان شكستیهێناوە، ئێستا دەیانەوێ جارێكی دیكە بەناوی هاوكاریكردن عێراقییەكان بخەڵەتێنێت, راشیگەیاند، تا ئێستا داعش یەك هاووڵاتی ئیسرائیلیشی نەكوشتووە.
سكرتێری میلیشیای عەسائیب سعوودیەی وەك دوژمنی سێیەمی عێراق وەسفكرد، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە یەكەم دووەم بكات و رایگەیاند، ریاز بە ملیاران دۆلاری لە كوشتنی عێراقییەكان سەرف كرد و زیاتر لە 5 هەزار خۆكوژی داعش لەو وڵاتەوە هاتوون.