كۆمەڵی ئیسلامی دانی پێدا نا كە ئەوان داوای نەناردنی موچەیان لە عەبادی كردووە
دوای ئەوەی چەندین جار حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە كە لە ئێستادا ئەوان لە هەوڵی پێداچوونەوەن بە لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران, لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە حكومەتی عێراق هیچ لیستێكی موچە خۆرانیان لەوان پێنەگەیشتووە تا سەرقاڵی پێداچوونەوە بن, ئەم بابەتە بووە جێی باسی زۆری میدیایی, ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاكان ئاشكرایان كرد كە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لیستێكی موچەخۆرانی بە عەبادی داوە.
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، زانیاری لەسەر موچەخۆرانی هەرێم بە حەیدەر عەبادی دەدات و ئەندامێكی ئەو فراكسیۆنەش رایدەگەیەنێت: پڕۆژەیەكمان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم و بڕینی موچەی بندیوارەكان.
سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵ، پڕۆژەیەكمان داوەتە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی لەنێوان پارێزگاكان بنێرێت.
وتیشی:” لە پڕۆژەكەدا روونمان كردۆتەوە كە دەبێت حكومەتی عیراق موچەی موچەخۆرانی راستەقینەو شایستەی هەرێم خەرج بكات و ئەوانەشی موچەی بندیوارو سێبەریان هەیە رابگرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد لە پرۆژەكەیاندا ئەوەیان روونكردۆتەوە كە موچەخۆری راستەقینەی هەرێم وەك (مامۆستایانی پەروەردە و مامۆستایانی زانكۆ و ئەندازیاران و پزیشكان)، هیچیان سێبەر نین و پێویستە موچەكانیان خەرجبكرێت، ئەو موچەخۆرانەشی كە كێشەیان هەیە، پێشنیازمان كردووە موچەكانیان رابگیرێت تا ئەو كاتەی كێشەكە یەكلایی دەكرێتەوە”.
سەلیم شوشكەیی راشیگەیاند:” بۆ بەرپرسانی باڵای حكومەتەكەی عەبادیمان سەلماندووە كە موچەخۆری راستەقینە لەهەرێم كێیەو بڕواشیان بە داتاكانمان هێناوە، بەڵام كەسە نزیكەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیان وتووین كە تا دوای هەڵبژاردن، حەیدەر عەبادی وەڵام ناداتەوە.
وتیشی:”ماوەی 20 رۆژە ئەو پڕۆژەیەمان داوەتە دەستی سەرۆك وەزیرانی عیراق و چاوەڕێی وەڵامین”.