نێوماڵی کورد و جوڵەی سەرۆک بارزانی
دانا مهنمی
جوڵەو هەنگاوی سەرۆک بارزانی بۆ سەرخستنی مەشروعی کوردایەتییە ، چونکە ئامانجی سەرۆک بارزانی بۆ بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتداری کوردی یە ، بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا کوردیش خاوەنی کیان و ناسنامەیەکی دەوڵەتی بێت لە ناو دەوڵەتانی جیهاندا . گرنگه بۆ سەرخستنی ئەم مەشروع و ئامانجە کە خواستی هەرکوردێکە ببینە کیانێک کە سەربەخۆبین لە چارەنووسی بڕیاردانی خۆماندا ، پاڵپشت و پشتگیری هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بین ، بەشێک لەو گرفتە سیاسییانەی کە ئێستا بەرۆکی بە کۆمەڵگاکەمان گرتووە سیاسیین و هۆکارەکەیشی ئەوەیە خاوەنی سیادەی دەوڵەتی نین .
هەموو میللەتانی دنیا لەقۆناغی گواستنەوەو پەڕینەوە لەنەتەوەوە بۆ نەتەوایەتی بە ناو پرۆسەی لیکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەقبەستووی و بنبەستگەیشتن دا گوزەریان کردووە ، چونکە ئامانجی نەتەوایەتی و دروستبوونی کیانێکی سیاسی کە سەربەخۆی سیاسی هەبێت بئ فەلاکەت نییە .
تاکە ئامانجی شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدانی کورد بەدرێژای دیرۆکی بزوتنەوەی کوردایەتی ، جگە لە گەیشتن بەمافی سەربەخۆی سیاسی و خەونی دەوڵەتی کوردی هیچی تر نەبووە ، خەبات و ڤوربانیدانی کورد بۆ پاراستنی ناسنامەو کەڵچەرو شوناسی کوردایەتی بووە ، لەکاتێکدا شەڕی داگیرکەرانی دژ بەکورد لەپیناو دەستگرتن بووە بەسەر سامانی ژێرخان و سەرخانی خاکی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی کوردایەتی .
ئێستاکە سەرۆک بارزانی لەبەردەم بەرپرسیارەتییەکی گەورەی مێژوویدایە ، بەرامبەر بە میللەت و ئەو خەبات و قوربانیدانەی کە بەدرێژای مێژوو دەستا دەست گەیشتووە بە خودی سەرۆک بارزانی ، سەرباری ئەوەی بەشێکی گرنگی بەرپرسیارەتیش لەئەستۆی هەر تاکێکدایە بە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و نەژادو فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیای سیاسییەوە .
کەواتە با لەئاست ئەخلاقی بەرپرسیارەتیدا بین ، بە دیدی جیاوازییەوە نا بەڵکو بەدیدی نەتەوەی و خاڵە هاوبەشەکانمانەوە یەکڕیزی نێوماڵی کوردو یەکێتی نەتەوەیمان بنیات بنێینەوە ، هاوکارو دەستباری سەرۆک بارزانی بین بۆ سەرخستنی پرۆژەی ڕیفراندۆم و مەشروعی دەوڵەتی کوردی .
زۆرێک لەو گرفتە سیاسییانەی کە ئێستا بەرۆکی بە میللەتەکەمان گرتووە سیاسیین و ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپشتەوەیە ، ئامانجیش پاشەکشێ یە بە مەشروعی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی سیاسی ، هیچ نەتەوەیەک دەوڵەتی بۆ نەخراوەتە سەر سینییەکی زێڕ ، تا ئێمەی کورد لەناو جوگرافیایەکی شۆڤێنیزم دا لەسەر سینییەکی زێر پێمان ببەخشرێت !!
پێویستە ئیرادەو هێزی مەعنەوەی جەماوەری کوردستان و بەتایبەت ڕۆڵی شەقام و میدیای کوردی و نوخبەی ڕۆشنبیران بۆ سەرخستنی مەشروعی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی کوردی کۆدەنگ و یەکڕیز بێت ، لێدوان گوتاری دژبەیەک و خیلافاتی فکری و سیاسی خزمەت بە دۆخی هەستیاری ئێستا ناکات کە دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم میللەتەکەماندایە .