بەڤیدیۆ: قاسم سولەیمانی دەستگیر دەكرێت

لەگەڵ گرژبوونی زیاتری نێوانی وڵاتی سعوودیەو ئێران, ئاماژەكانی بەریەك كەوتنی سەربازی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە زیاد بوونە, لە دواهەمین دەركەوتەش سعودیە فیلمێكی ئەنیمەیشی رووبەرووبونەوەی نێوان وڵاتەكەی و ئێران بڵاو كردەوە بەگوێرەی كورتە فیلمێكی ئەنیمەیشنی سعوودی، شەڕ لە نێوان شانشینی سعوودیە و كۆماری ئیسلامی ئیران درووست دەبێت و سەرەنجام سعوودیە، سوپای پاسدارانی ئێران تێكدەشكێنێ و قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش دەستگیر دەكات.

فیلمەكە ناوی “هێزی بەرپەرچدانەوەی سعوودیە” یە و لە سەرەتای ئەنیمەیشنەكەدا قسەیەكی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە نووسراوە كە گوتبووی: “ئامانجی سەرەكی ئێران ئەوەیە دەیەوێت بگاتە قیبلەی موسڵمانان، بەڵام چاوەڕوان ناكەین شەڕەكە لە سعوودیە رووبدات، بەڵكو كار بۆ ئەوە دەكەین شەڕەكە لە ئێران بێت”.

بەگوێرەی ئەنیمەیشنەكە، سەرەتای شەڕەكە لەناو ئاوی كەنداو درووست دەبێت و كاتێك كەشتییەكی خێرخوازی شا سەلمان بۆ فریاگوزاری لەلایەن ئیرانییەكانەوە هێرشی دەكرێتە سەر و سەرەنجام سەرجەم كەشتی و پاپۆڕ و بەلەمە سەربازییەكانی ئێران تێكدەشكێنرێن.

بەگوێرەی فیلمە ئەنیمەیشنە سعوودییەكە، دوای ئەوە ئێران بە مووشەك دەیەوێت هێرش بكاتە سەر سعوودیە، بەڵام بەهۆی سیستمی مووشەكی پاتریۆت سەرجەم مووشەكەكانی ئێران لە ئاسمان تێكدەشكێنن و پاش ئەوە بەهۆی فڕۆكەی جۆری تایفۆن فرۆكە ئێرانییەكان لە ئاسمان دەخەنە خوارەوە.

هەروەها محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دەردەكەوێت و خۆی سەرپەرشتی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەكات و پاشان بنكەی بووشەهری ئەتۆمی و بنكە بەدری سەربازی ئێران بەهۆی مووشەكی “بای رۆژهەڵات” دەكرێنە ئامانج و دەتەقێنرێنەوە. پاشان فرۆكەكانی سعوودیە فڕۆكەخانەی سەربازی میهرئابادیش وێران دەكەن.

 

لە دریژەی ئەنیمەیشنەكەدا كەماوەكەی 6 خولەكە، لە رێگەی دەریاوە تانكە ئەبرامسەكانی سوپای سعوودیە دەگەیەنرێنە ناو خاكی ئێران و لە ئاسمانیشەوە فڕۆكەكان بە پەڕەشووت سەربازی ھێزە تایبەتەكان دادەبەزێننە خوارەوەو هێزەكان محەمەد بن سەلمان ئاگاداردەكەنەوە كە توانیوویان بچنە ناو جەرگەی “دوژمن” و ئاڵای ئێران دێننە خوارەوەو لە بنكەیەكی سەربازیشدا، قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەستگیردەكەن”.

پێشتر لەبارەی پێشبینییەكانی بەرپابوونی جەنگەكانەوە، یاری ئەلیكترۆنی و فیلمی ئەنیمەیشن و تەنانەت فیلمی سینەمایش بەرهەمهێنراوە، بەڵام كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم ئەنیمەیشنە، هاوكاتی زیاتر گرژبوونی نێوان سعوودیە و ئێرانە و ئەگەر پێشبینییەكانی جەنگە ئەنیمەیشنەكەش راست دەرنەچێت، دەكرێت وەك رێگایەك كاریگەری سعوودیە بۆ پڕوپاگەندە دژی ئێران ناوببرێت.

Back to top button