دلاوەر ئاژگەیی: بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ یەكێتیی ئەورووپا فشار دەخاتە سەر بەغدا

لەگەڵ ئەوەی چەندین جار حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندانەوە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵام تا ئێستا بەغدا ئامادەی گفتو گۆنیە , نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە یەكێتیی ئەورووپا باس لەوە دەكات كە دەبێت حكوومەتی عێراق پابەندی گفتوگۆ بێت، ئەگینا یەكێتیی ئەورووپا ھەڵوێستی دەبێت.

 

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند: “لەو گرفتانەی لەگەڵ بەغدا ھەیەتی، یەكێتیی ئەورووپا پشتیوانی كوردستان دەكات و دەیەوێت گفتوگۆ لە نێوان ھەردوولادا دروست بكات، ئەوان لەسەر دەستووری عێراقیش جەخت دەكەنەوە، چونكە لە چوارچێوەی عێراقدا كار دەكەن”.

 

نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا لە درێژەدا ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەگەر سەیری گۆڕانكارییەكان بكەین، دەبینین ئەوا (ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی بەریتانیا و فەرەنسا) بانگھێشتی فەرمیی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، نیشانەی ئەوەیە كە ئەوان كوردستانیان زۆر لا گرنگە و گرنگی پێ دەدەن، ئەوەش پەیامێكە بۆ بەغدا و بۆ كوردستانیش كە دەتوانن فشار دروست بكەن، چونكە ئەورووپا ڕێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا ھەیە، ئەو ڕێككەوتنە دەمێكە واژۆ كراوە، ھەموو بوارەكان سەربازی و ئابووری لەخۆ دەگرێت و ھەر 28 ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا پابەندە پێوەی، دەبێت عێراقیش پێوەی پابەند بێت، ناكرێت ھیچ وڵاتێك لە دەرەوەی ئەو ڕێككەوتنە شتێك بكات”.

 

دلاوەر ئاژگەیی لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتیشی: “یەكێتیی ئەورووپا دەتوانێت لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە، پشتگیریی كوردستان بكات، ھەروەك لە شەڕی داعشدا كردی، ھاوكات دەتوانێت فشار بخاتە سەر بەغدا و پارەی ھاوكاریی لێ كەم بكاتەوە، ئاستەنگی دیپلۆماسی لەبەردەم دروست بكات، چونكە بەریتانیا و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەندامن، لەوێش ڕۆڵیان ھەیە و گرنگن و ئەوان ھەڵكشان و داكشانی عێراق ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەكات، بۆیە ھەر شتێك كاریگەریی لەسەر خراپی دۆخی ناوچەكە بكات، ئەوان دەسێوەردانی تێدا دەكەن”.

 

Back to top button